ته‌لار لەتیف: سزای پێبژاردنی هاتووچۆ زیاد ده‌كرێت

سه‌باره‌ت به‌ سزاكانی هاتووچۆ و به‌ندكردنی شوفێران، ئەندامێكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان رایده‌گه‌ینێت: سزای به‌ندكردنی شوفێر نامێنێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا سزای پێژاردن زیاد ده‌بێت.

ئەندامێکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، بە ھۆی سەرپێچییەوە سزای بەندکردنی شۆفێران نامێنێت، بەڵام سزای پێ بژاردن (غەرامە) زیاد دەکرێت، دەشڵێت، ھەوڵ دراوە بۆ ئەوەی شۆفێران بە شێوەی قیست پێ بژاردنەکانیان بە ھۆی خێرایی لێخوڕینەوە کە کامێراکانی ھاتوچۆ تۆماری دەکەن، بدەنەوە.

(تەلار لەتیف) ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “دوای کۆبوونەوەی ھەردوو لێژنەی کاروباری یاسایی و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داوای ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە یاسای ژمارە ٨٤ی ساڵی ٢٠٠٤ بە بڕگە و ماددەکانییەوە ھەموار بکەینەوە، بەتایبەتی بڕگە و ماددەی سزاکانی ھاتووچۆ”.

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گوتیشی:” بێگومان ئێمە کارمان لەسەر ھەموار کردنەوەی ماددەکانی ٢١، ٢٢، ٢٣ و ٢٤ کردووە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە شێوازی سزاکانی ھاتووچۆ بکەین”.

سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكاریه‌كانیش، (تەلار لەتیف) ئاشكرایكرد” سزای پێ بژاردنیان چڕ کردۆتەوە و سزای بەندکردنیان لابردووە، چونکە پێشتر ئەگەر شۆفێرێک بەبێ مۆڵەت شۆفێری بکردایە، ٦ مانگ بەند دەکرا، بەڵام ئێستا ئێمە دەمانەوێ ئەو بەندکردنە نەمێنێت، بەڵکو لەبری ئەوە سزای پێ بژاردن زیاد بکرێت”.

ئەندامەکەی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێت:” ئەگەر شۆفێرێک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆوە ھاووڵاتییەک بکوژێت، ئەوکاتە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەکانی ٢٢ و ٢٣ سزای بەندکردن و پێ بژاردن دەیگرێتەوە، بەڵام ڕێژەی پێ بژاردنەکانمان ھێندە زۆر کردووە کە دادوەر جگە لەوەی دەتوانێ بەندی بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەشی ھەیە پەنا بۆ پێ بژاردن بەرێت”.

ناوبراو ده‌شڵێت:” بەھۆی قەیرانی داراییەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە، جیاکاری لە کامێراکانی ھاتووچۆ نەکرێت، بەجۆرێک کامێرای ھاتووچۆ جێگیر بکرێت، ھەوڵی ئەوەشمان داوە ئەو شۆفێرانەی پارەی کامێرای چاودێرییان لایە، بەھۆی دۆخی قەیرانی داراییەوە، پارەکە بەشێوەی قیست بدەن بە بەڕێوبەرایەتییەکانی ھاتووچۆی پارێزگاکان”.

Back to top button