سبەی پەرلەمانی عێراق پرسی هەڵبژاردنەكانی كەركووك یەكلا دەكاتەوە
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی هەلبژاردنی گشتی لە عێراق, ئامادەكاری دەكرێت بۆ سازدانی هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمان, ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران پرسی ماددەی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی كەركووك یەكلا دەكاتەوە.
كامل زەیدی لە لێدوانێكدا باسی كارنامەی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كرد و گوتی: “سبەی دووشەممە 15ی كانوونی دووەم/ یەنایری 2018، ئەنجوومەن دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدات”.
گوتیشی: “ئەو ماددە یاساییەی پەیوەستە بە هەڵبژاردنەكانی كەركووكەوە سبەی یەكلا دەكرێتەوه”.
زەیدی لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ئاشكرایكرد، “بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، ئەنجوومەن دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی گشتیی بدات”.
هەروەها گوتی: “لە دانیشتنی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا بڕگەی تایبەت بە وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەنگی لەسەر دەدرێت”.
روونیشیكردەوە، “هەریەك لە هێز و قەوارەكانی سوننە و هاوپەیمانی نیشتیمانی داخوازی ئەوەیان هەیە پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت”.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، “ئەگەر پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن دەنگی لەسەر نەدرێت، كۆمیسیۆن كار بە یاسای پێشووی هەڵبژاردن دەكات”.
سەبارەت بە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی كۆتایی ئەم هەفتەیەش، كامل زەیدی گوتی: “ئەنجوومەن دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی وڵات دەدات”.
هەروەها گوتی: “داوا لە لایەنە كوردییەكانیش كراوە، نیسابی یاسایی دانیشتنەكە تەواو بكەن و تا پێنجشەممە دەرفەتیان هەیە لەگەڵ بەغدا وتوێژ بكەن و بگەنە رێككەوتن لە بارەی پڕۆژە یاسای بودجەوە”.