خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ میلیشیاكان لە فرۆشتنی نەوتی كەركووك بەردەوامن

دوای داگیركردنی كەكووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی ئێستا ئەو دوو لایەنە لە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی تانكەر و دابەشكردنی پارەكەی لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە میلیشیا و هێزە عێراقییەكان بەردەوامن و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات كە لە پێناو ئەو نەوتە خیانەتەكەیان ئەنجام داوە.

پێشتر (خواكوڕك) لە هەوالێكیدا بە پشت بەستن بە زانیاری باوەڕ پێكراو بڵاوی كردەوە كە گرووپی خیانەتكاری یەكێتی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكوو ئێستا، ڕۆژانە لە دەوروبەری ملیۆنێك دۆلار بە شێوەیەكی بەردەوام بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەدرێت، وەك پاداشتێك لە بەرامبەر ڕادەستكردنی كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی دیكە بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان.

لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كەركووك نازم هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: “ئەو خیانەتەی كە گرووپەكە ئەنجامیان دا، بووە ھۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان لە دەست بدەین، خیانەتێكی زۆر گەورەبوو و ئامانجی سەرەكیش لەو خیانەتە، بردنی نەوتی كەركووك بوو و ئێستاش لەڕێگای تەنكەرەوە نەوتەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەبەن”.

 

ھاوكات ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “ئەو گرووپە ئێستاش لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرانی حەشدی شەعبی و لایەنی عێراقی بەردەوامن بۆ درێژەپێدان بە پیلانگێرییەكانیان و ئەو جۆرە كەسانەی كە ئەو خیانەتەیان كرد، دوور و نزیك ھەستی نەتەوایەتی و بەرخۆدانی كوردان و خوێنی شەھیدانیان لەبەرچاو نەگرت، تەنانەت ئەوانەی كە دەستپێشخەربوون لە خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، ڕۆژێك نەیانم بینی بە زمانی شیرینی كوردی دوو قسە بكەن”.

 

شایەنی باسە, ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەكی دیكە، بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی 200 ھەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە”.

 

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕاشكاوی ڕای گەیاند: ”هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵكوو خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی بوو“. باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەكێتی وەك خیانەتكار سزا دەدا.

Back to top button