جەیمس ماتس: ستراتیجییەتی ئاسایشی نەتەوەیی راگەیاند
دوای ئەوی سەرۆکی ئەمریکا ستراتیجییەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند وەزیری بەرگریی ئەمریکا ستراتیجییەتی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و تێیدا ئێران و کۆریای باکووری بە مەترسی لەقەڵەمدان. جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشەی چین و رووسیا دەبێتەوە کە هەوڵدەدەن جیهانێک دروستبکەن لەگەڵ نموونە ستەمکارەکەی خۆیان بگونجێت.ئێوارەی رۆژی هەینی 19-1-2018 لە واشنتن، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی وتارێکدا ستراتیجییەتی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند: “بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی تیرۆریستان.”
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رەخنەی ئاراستەی ئێران و کۆریای باکوور کرد و رایگەیاند: “کۆریای باکوور و ئێران مەترسین بۆ سەر سەقامگیریی جیهان.” گوتیشی. “دەبێت هێزمان هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی دووژمنەکان.”
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەیمس ماتیس باسی چین و رووسیای کرد و رایگەیاند: “رکابەری نێوان وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە ستراتیجییەتی ئەو وڵاتانە لەسەرووی ستراتیجییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتانەوە دێت و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گرنگترە”.
ماتیس جەختی لەوە کردەوە ئەمریکا بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشەی وڵاتە لەڕێلادەرەکانی وەک چین و رووسیا دەبێتەوە کە هەوڵدەدەن جیهانێک دروستبکەن لەگەڵ نموونە ستەمکارەکەی خۆیان بگونجێت. گوتیشی: “هەردوو وڵاتی چین و رووسیا هەوڵدەدەن ڤیتۆ لەسەر بڕیارە ئابووری و دیپلوماسی و ئەمنییەکانی وڵاتانی دیکەی جیهان بسەپێنن”.
لەدرێژەی خستنەڕووی ستراتیجییەتی نەتەوەیی نوێی ئەمریکا، جەیمس ماتیس گوتی: “رووسیا هەوڵدەدات بەرپەرچی هاوپەیمانی ناتۆ بداتەوە و گۆڕانکاری لە بنچینەی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، بەجۆرێك لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت”. جەختیشی کردەوە کە رووسیا هەوڵدەدات شکست بە سیستەمی نێودەوڵەتی بهێنێت.