ئاری هه‌رسین په‌یامێك ئاڕاسته‌ی قادری حاجی عه‌لی ئه‌كات و ده‌نووسێت رایبگره‌.!

ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ڵامی قادری حاجی عه‌لی، هه‌ڵسووڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌داته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت.” كه‌ ئەم تێرۆری فکرییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕابگرە و ده‌ڵێت: “ئەزانم ئەو دەسەڵاتەت هەیە”.

ئاری هه‌رسین، له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، نووسینه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا ده‌ڵێت: “مەهێڵە بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی وەک گۆڕان ببێتە بڵندگۆی زووڕناژەنی دووبەرەکیەکەی ساڵی 1964”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌ییدا، كه‌ له‌ ژێر ناوونیشانی “قسەیەکی سەر ڕاست و کوردانە لەگەڵ کاک قادری حاجی عەلی” بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: “ئەو شەڕەی باسی ئەکەم جیاوازە لە هێرش و بانگەشەی سەر شاشەی لاپتۆپی گەنجە بێتاوان و دڵ سافەکانی ئەم وڵاتە. وابزانم هەردوکمان ئەزانین باسی کام شەڕە ئەکەم.”.

ده‌قی نووسینه‌كه‌ی ئاری هه‌رسین:

“قسەیەکی سەرڕاست و کوردانە لەگەڵ کاک قادری حاجی عەلی

بە عادەت حەزم لە وەلامدانەوەی خەڵکی دەمڕوت و (هەندێک) بەناو پۆست مۆدێرنەی موزەیەف نیە، چونکە ئەوکات ئینسان خۆی ئەکاتە ڕەفیقی خەڵکانی بەتاڵ و ناڕەفیق. ئەم گوتارە لەوانەیە دوا نامەی کراوەم بێت بۆ برای بەڕێزم کاک قادری حاجی عەلی، چونکە ئەزانم (ئەگەر ئێمەی پارتی جورئەتمان هەبێت) ئەنجامی ئەم گەلەکۆمەکیەی دژ بە پارتی بەرەو کوێ ئەچێت

چەند سەرنجێکی سادە و سەرپێیی بۆ بەڕێزیان لەم خاڵانەی خوارەوە کورت ئەکەمەوە:

یەکەم: هەروەک دەرکەوت هەولێر شاری خۆتە و موڵکی باوکی کەس نیە. نە نێچیرڤان چەقۆ وەشێنە و، نە مەسروریش ئەو پیاوە موخیفەیە کە بوختانی بۆ ئەکەن. جەنابت تەشریفت بۆ هەولێر هێنا، هیچ کەس لە گوڵ کەمتری پێ نەگوتیت. بؤیە بە برایانە داوات لێ ئەکەم ئەم تێرۆری فکریە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرامبەر بەپارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕابگرە… ئەزانم ئەو دەسەڵاتەت هەیە.

دووهەم: ڕەحمەتی کاک نەوشیروان هەمیشە ئەیوت: دوو ڕێگە بۆ دەسەڵات گرتنەدەست هەیە، یان بە ڕێگای سندوقی دەنگدان، یان بە خوێن. وابزانم لای هەموان ڕوونە کە کاک نەوشیروان ڕێگای یەکەمی بە ژیرانەتر ئەزانی. هەردوکمان باش ئەزانین ئەگەر کاک نەوشیروان بیزانیایە بە شەق بۆی ئەچێتە سەر، ئەوا بە بێ سێ و دوو ئەیکرد. تکایە ئەم تێگەیشتنە سەقەتەی (بەشەق ئەیگۆڕین) لە لای ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاست بکەرەوە.

سێهەم: ئەوەندەی من تۆ بناسم هەمیشە پێشمەرگەیەکی بە جورئەت بویت. ئەوەندە مەرد و شۆڕشگێڕ بویت، تەنانەت فشاری بێ ئەندازەی ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعسی بۆ سەر بنەماڵەکەت تەسلیمی نەکردیت. ئەگەر قەناعەتت بەوەیە کە هەرچی ئەندام و هەواداری پارتیە کۆیلەن و بێ غیرەتن، حەزم لێیە خۆت بێیتە سەر خەت و بە جورئەتەوە و بە دەنگی بەرز ئەوە بە خەڵکی کوردستان بڵێی، ئەگەریش ئەمە بۆچونت نیە، مەهێڵە بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی وەک گؤڕان ببێتە بڵندگۆی زوڕناژەنی دووبەرەکیەکەی ساڵی 1964 و ، حیزبێکی جنێوفرۆشی سەر فەیسبوک. ئەگەر بتەوێت ئەتوانی کۆتایی بەو عەقڵیەتە بێنیت.

دواجار ئەگەر لە کوردستان بەم ئوسلوبە سیاسەت بکرێت، کە لە خەڵکی سلێمانی تێبگەیەنرێت کە ئەگەر دژی پارتی بیت ئیتر زۆر دیموکرات و مۆدێرنیت، ئەوا هەر ئەندامێکی پارتی ئەگەر یەک زەڕڕە غیرەتی هەبێت لە جیاتی ئەوەی لە ترسی چوار مناڵە ورتکە کە دێنە سەر بارەگای لق یان ناوچەکەی دەست بکات بە گریان، ئەبێت تەرمەکەی لە بارەگاکەیا بەرنە دەرەوە. لە بەرامبەر ئەم ئیهانانەی کە بەرامبەر بە حیزبەکەی ئەکەن (کە هەر هەموی درۆیەکن لە پیرەمەگرون و قەندیل گەورە ترن)، ئێمەی پارتی ئەبێت بەرامبەر بە چەقۆ دەمانچە، بەرامبەر دەمانچە کلاشینکۆف، بەرامبەر کڵاشینکۆف ئاڕ پی جی و بە تۆپ وەڵام بدەینەوە… ئەگەر پێویست بکات هەر واش ئەکەین.

هیوادارم کار نەگاتە ئەوە، چونکە هیچمان ئارەزوی ئەوە ناکەین. ئەو شەڕەی باسی ئەکەم جیاوازە لە هێرش و بانگەشەی سەر شاشەی لاپتۆپی گەنجە بێتاوان و دڵ سافەکانی ئەم وڵاتە. وابزانم هەردوکمان ئەزانین باسی کام شەڕە ئەکەم.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا…

ئاری محەمەد هەرسین

٢٠١٨/٣/٣١”

Back to top button