یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر پرسی پارێزگای سلێمانی كۆده‌بنه‌وه‌

له‌باره‌ی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌نێوان یه‌كێتیی‌ و گۆڕاندا ،سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت:”سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕێكخستنی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتیی‌ ڕایگه‌یاندوه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌”.
 
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند:”یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌نێوان یه‌كێتیی‌ و گۆڕان به‌گوێره‌ی‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ دوو ساڵ به‌دوو ساڵ بوو، ئێستا واده‌كه‌ی‌ كۆتاییهات، پێشتریش كه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا كرایه‌ بڕیاری ژماره‌ دوی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای سلێمانی”.
 
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاشیگه‌یاند :”بابه‌تی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ كه‌ له‌ئێستادا واده‌ی‌ گۆڕان به‌كۆتاهاتوه‌ په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای سلێمانیه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌فدی دانوستانكاری‌ یه‌كێتیی‌ و گۆڕان ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلابكاته‌وه‌”.
 
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌لێت: “له‌سه‌ر هه‌مان كێشه‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕێكخستنی‌ یه‌كێتیی‌ له‌سلێمانی ئه‌و بابه‌ته‌مان تاوتوێكردوه‌و پێیڕاگه‌یاندم دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ین و ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌”.
 
له‌دوای‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگێكی‌ زۆری‌ یه‌كێتیی له‌سلێمانی‌، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ یه‌كێتیی جه‌ختیكرده‌وه‌”ئێمه‌ ئێستا زۆرینه‌ین له‌سلێمانی‌، به‌ڵام خۆمان فه‌رزناكه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر له‌جارانی‌ پێشوو له‌لایه‌نه‌كان نزیكده‌بینه‌وه‌”.
Back to top button