عێراق خاوه‌نی خراپترین جۆری پاسپۆرته‌ له‌ جیهاندا

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی دامه‌زراوه‌ی هێنلی له‌ پاسپۆرتی وڵاتان، ده‌ركه‌وتووه‌ پاسپۆرتی عێراق خراپترین پاسپۆرتی جیهانه‌ و له‌ كۆتایی لیسته‌كه‌دایه‌، پاسپۆرتی ژاپۆنیش باشترینه‌ و له‌ یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
 
دامه‌زراوه‌ی هێنلی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ته‌واوی پاسپۆرتی وڵاتان كردووه‌ له‌ جیهان و بنه‌مای سه‌ره‌كیش پێویست نه‌بوونی وه‌رگرتنی ڤیزای پێشوه‌خته‌ی وڵاتانه‌.
 
به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی هێنلی، هه‌ڵگری پاسپۆرتی ژاپۆن، ده‌توانێت به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزا بچێته‌ 189 وڵات و له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م دێت، له‌كاتێكدا عێراق له‌ ریزبه‌ندی كۆتایی و 100ه‌مین دێت و هاوشانی ئه‌فغانستانه‌، كه‌ هه‌ڵگرانی ده‌توانن به‌بێ ڤیزا سه‌ردانی 30 وڵات بكه‌ن.
 
دوای ژاپۆنیش، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و سه‌نگاپووره‌ له‌ ریزبه‌ندی دووه‌م دێن و هه‌ڵگرانی ئه‌و پاسپۆرته‌ بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ 188 ده‌وڵه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پێویستییان به‌ وه‌رگرتنی ڤیزا هه‌بێت.
 
وڵاتانی فینلاند، فه‌ره‌نسا، ئیتاڵیا، كۆریای باشوور، ئیسپانیا به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ریزبه‌ندی سێیه‌م دێن و هه‌ڵگرانییان به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ ڤیزا وه‌ربگرن، ده‌توانن سه‌ردانی 187 وڵات بكه‌ن.
 
له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی، شانشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌ب – ئیمارات، له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له‌ پله‌ی 23یه‌مه‌ و هاوشانی ئۆرۆگوایه‌، كه‌ هه‌ڵگرانی پاسپۆرتی ئه‌و دوو وڵاته‌، ده‌توانن بێ وه‌رگرتنی ڤیزا سه‌ردانی 154 وڵات بكه‌ن.
 
وڵاتانی دراوسێی عێراقیش، توركیا له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ پله‌ی 49یه‌مه‌ و هاوشێوه‌ی جۆرجیا، هه‌ڵگرانی پاسپۆرتی ئه‌و دوو وڵاته‌، بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ 111 وڵات.
 
هه‌رچی ئێرانه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهان له‌ ریزبه‌ندی 92 دێت، سووریا و سۆماڵیش له‌ ریزبه‌ندی 99 و و ئه‌فغانستان و دواتریش عێراق، دوای ئه‌وان له‌ پله‌ی 100 دێن.
 
پێشتریش هه‌مان دامه‌زراوه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ 231 شاری جیهان كردبوو و تێیدا به‌غدای پایته‌ختی عێراق، بۆ پێنجه‌مین جار له‌سه‌ر یه‌ك به‌ خراپترین شاری جیهان ده‌ستنیشان كرا.
Back to top button