عومه‌ر ئۆجه‌لان برازای عه‌بدولا ئۆجه‌لان ده‌بێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی توركیا

پارتی دیموكراتی گەلان، ناوی سەرجەم كاندیدە دەرچووەكانی بۆ پەرلەمانی توركیا ئاشكراكرد، یەكێك لەكاندیدە ده‌رچووه‌كانی هه‌ده‌په‌، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی دەستگیركراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە.
 
ئاژانسی هاوار نیوز، ناوی سەرجەم كاندیدە دەرچووەكانی هەدەپەی لەهەڵبژاردنەكەی دوێنێ 24ی 6ی 2018 بڵاوكردەوە، كە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، ئەو حزبە 67 كورسی لەكۆی 600 كورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستهێناوە، كە دەكاتە ڕێژەی 11,6%ی دەنگەكان.
 
لەشاری روحای باكوری كوردستان، چوار كاندیدی هەدەپە بۆ پەرلەمان سەركەوتوون ئەوانیش، (نیعمەتوڵڵا ئەردۆغمووش، ئایشە سوروجو، نوسرەدین ماچین، عومەر ئۆجەلان).
 
عومەر ئۆجەلان كە بەیەكێك لەگەنجە سەركەوتووەكانی هەدەپە بۆ پەرلەمان دادەنرێت، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی پەكەكەیەو ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی میدیا جیهانییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە، جگە لەوەش كاندیدە سەركەوتووەكانی هەدەپە زۆربەی پێكهاتەو ئاینە جیاوازەكانی توركیا لەخۆدەگرێت، لەوانەش ئیسلامی و مەسیحی و ئەرمەنی و عەرەب و تورك و ئێزیدی.
Back to top button