كوردێك له رێگای داهێنانێك بینایی بۆ نابینایان ده‌گه‌رێنێته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌كی كورد به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به خوێندنی دكتۆرا سه‌ردانی وڵاتی به‌ریتانیای كرد, له زانكۆی نیوكاسڵی به‌ریتانیا, توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداوه, كه به‌ر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه ئامێرێك بوو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بینایی ئه‌و كه‌سانه‌ی، نه‌ك هه‌ر بینایی، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی چاوه‌كانیشیان له‌ده‌ستداوه.
نه‌بیل عه‌بدولڕه‌زاق فه‌تاح، له‌دایكبووی ساڵی 1976ی هه‌ولێره، تا به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریش هه‌ر له هه‌ولێر خوێندوویه‌تی، تا بۆ خوێندنی دكتۆراكه‌ی، له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه، چووه‌ته به‌ریتانیا.
ئه‌و سه‌ره‌تا ده‌یه‌ویست په‌ره به هاوشێوه‌ی ئامێرێكی دیكه‌ی بینین بدات، كه پێشتر درووستكراوه و ناوی ئارگۆسه، به‌ڵام دواتر بیرۆكه‌كه‌ی گۆڕی و بڕیاریدا، ئامێرێكی جیاواز له ئارگۆس درووست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوهكانییان به ته‌واوی له‌ده‌ستداوه، سوودی لێ وه‌ربگرن.
ئامێره‌كه
ئه‌و ئامێره‌ی دكتۆر نه‌بیل، له سێ به‌ش پێكهاتووه، به‌شێكیان وه‌ك چاوێلكه له چاودهكرێت و رۆڵی كامێرایه‌ك ده‌بینێت, پاشان وێنه‌كان راسته‌وخۆ بۆ ئامێری دووه‌م ده‌گوازرێته‌وه، به‌شی دووه‌م وه‌ك وه‌رگرێك كارده‌كات كه ئامێرێكی بچووك و ته‌نكه و ده‌توانرێت له ژێر پێستی سه‌ر دابنرێت، ئه‌ویش دوای وه‌رگرتن، وێنه‌كان ده‌نێرێته ئامێری سێیه‌م كه له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه جیاوازتره.
ئامێری سێیه‌م راسته‌وخۆ ده‌خرێته ناو به‌شی مێشك له پشته‌وه‌ی كه‌لله‌سه‌ر داده‌نرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی مێشك كه به‌رپرسه له بینین ده‌به‌سترێت، ئه‌و به‌شه‌ی مێشكیش پێشتر نه‌خشه‌ی دیاریكراوه و ئامێره‌كه‌ش له رێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری هه‌ڵگرتنی به‌شی پشته‌وه‌ی كهللـهسهرهوه داده‌نرێت، ئامێره‌كه له رێگه‌ی وایه‌رێكی باریكه‌وه، وێنه‌كان له ئامێری دووه‌م وه‌رده‌گرێت و به‌مه‌ش پرۆسه‌ی بینینی مرۆڤه‌كه، ده‌ستپێده‌كات.
جیاوازی ئامێره‌كه
ئه‌و ئامێره‌ی دكتۆر نه‌بیل، جیاوازه له‌گه‌ڵ ئارگۆس كه پێشتر هه‌بووه، چونكه ئارگۆس بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه درووستكراوه، كه له بنه‌ڕه‌تدا چاوییان هه‌یه، به‌ڵام به هۆی نه‌خۆشییه‌كی چاو، كه پێی ده‌گوترێت (Retinitis Pigmentosa)، ورده ورده بیناییان له‌ده‌ستداوه، واته له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاوییان هه‌یه، هه‌رچی ئه‌و ئامێره نوێیه‌یه، گرنگ نییه ئه‌و كه‌سه‌ی نابینێت چاوی هه‌یه یان نا، چونكه داهێنانه‌كه‌ی له به‌شی سێیه‌می ئامێره‌كه‌یه و راسته‌وخۆ وێنه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه سه‌ر ده‌ماره‌كانی مێشك.
جیاوازییه‌كی دیكه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئامێره نوێیه‌كه ئه‌وه‌یه، كه له رێگه‌ی (ترپه رووناكی Light Pulse)ـه‌وه، وێنه‌كان ده‌گوازێته‌وه، هه‌رچی ئامێره‌كانی دیكه و توێژینه‌وه‌كانی دیكه‌یه، له رێگه‌ی (ترپه‌ى كاره‌بایی Electric Pulse)ـه‌وه ئه‌و كاره ده‌كات، ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی دیكه‌ی بۆ به‌ریتانییه‌كان و زانكۆی نیوكاسڵ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی هه‌مان ئامێر، واتا ته‌نها به‌شی سێیه‌می ئامێره‌كه، بتوانن نه‌خۆشی په‌ركه‌م (صرع) كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.
بۆ درووستكردنی ئه‌و ئامێره‌ش، كه له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی دكتۆر نه‌بیل بووه، زانكۆكه بڕی 13ی ملیۆن پاوه‌ن (15 ملیۆن دۆلار)ی خه‌رجكردووه.
له رووی نرخهوهش، ئه‌گه‌رچی تا ئێستا نرخی ئامێره نوێیه‌كه‌ی دكتۆر نه‌بیل دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كات زۆر هه‌رزانتر بێت له ئامێری ئارگۆس، چونكه وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، نرخی ئارگۆس 200 هه‌زار دۆلاره (20 ده‌فته‌ر).
شه‌ش ساڵ توێژینه‌وه
ئه‌و داهێنه‌ره كورده، له ساڵی 2013ه‌وه سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌یه له‌و بواره، داهێنانهكهشی په‌یوه‌ندی به هه‌رسێ بواری ئه‌ندازیاری ئه‌لیكترۆنی، پزیشكی و بایۆلۆژییه‌وه هه‌یه (بایۆمێدیكهڵ ئینجینهرینگ)، كه هێشتا ئه‌و به‌شه‌ی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش نییه،داهێنانهكهش سه‌رنجی میدیاكانی به‌ریتانیای به ڵای خۆیداراكێشاوه.
له توێژینه‌وه‌كه‌شدا، سێ سه‌رپه‌رشتیاری پرۆفیسۆری هه‌بووه و هاوكارییان كردووه، كه یه‌كێكیان هۆڵه‌ندی، دووه‌م به‌ریتانی و سێیه‌میش رووسی بووه، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه كه له تاقیگه هاوكارییان كردووه.
وه‌ك ئه‌و دكتۆره كورده ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له سه‌رتاسه‌ری جیهان، 7 گرووپ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان و زانكۆ پێشكه‌وتووه‌كان كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بینایی ده‌كه‌ن، هه‌ر گرووپێكیش رێباز و میتۆدی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و به‌ر له هه‌موویان ئامێره‌كه‌ی ته‌واو كردووه.
خاوه‌ندارێتی بیرۆكه
ئامێره نوێیه‌كه ته‌واو بووه، ئێستا وه‌ك خاوه‌ندارێتی بیرۆكه و ئامێره‌كه‌ش، لای دكتۆر نه‌بیله له هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كات، پاڵپشتییه‌كی به‌هێزی حكوومه‌ت هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت بكاته‌وه و ئامێره‌كه بۆ ئه‌و كه‌سانه دابنێت كه بیناییان له‌ده‌ستداوه.
دكتۆر نه‌بیل باس له سه‌ختی یه‌كه‌م نه‌شته‌گه‌ری دانانی ئامێره‌كه ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ره‌نگه ئه‌سته‌م بێت یه‌كه‌م نه‌شته‌رگه‌ری له كوردستان ئه‌نجام بدرێت، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌توانێت به‌شی سێیه‌می ئه‌و ئامێره له‌سه‌ر هه‌سته‌ده‌ماره‌كانی مێشك دابنێت، پزیشكێكی ئیسپانییه.
تاقیكردنه‌وه‌كان
ئامێره‌كه تا ئێستا ته‌نها له‌سه‌ر مشك و كه‌روێشك تاقیكراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش به قۆناغی سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه، به‌تایبه‌تیش دابینكردنی كات بۆ تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر مشك.
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه، ماوه‌ی شه‌ش مانگی پێچووه تا تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ته‌واو بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به دانانی ئه‌و ئامێره چ گۆڕانكارییه‌ك له‌سه‌ر مشكه‌كه رووده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان بۆ مرۆڤیش بزانرێت.
روونیشی ده‌كاته‌وه دووجار به ڤاكسینی تایبه‌ت (پێكوت)، كوتاویانه، له‌گه‌ڵ پشتگیری زانكۆ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بچێته ناو تاقیگه‌كه و كاره‌كانی بكات.
تاقیكردنه‌وه‌ی دووه‌می ئامێره‌كه‌ش له‌سه‌ر كه‌روێشك بووه، ئه‌وه‌ش بۆ دووباره دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی ئامێره‌كه، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی و لاوه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه ناكات ئامێره‌كه‌ی بۆ داده‌نرێت.
ده‌ستبه‌كاربوون
دكتۆر نه‌بیل، ئێستا له زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی مامۆستایه، ئه‌و ئێستا ده‌یه‌وێت ئامێره‌كه له‌سه‌ر مرۆڤیش تاقیبكاته‌وه، به‌ڵام پێویستی به هاوكارییه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ستبه‌كاربێت.
له باره‌ی هه‌بوونی خۆبه‌خشیش بۆ دانانی یه‌كه‌م ئامێر، رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو پێشمه‌رگه كه له شه‌ڕی داعش چاوهكانییان له‌ده‌ستداوه ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه ئامێره‌كه‌یان بۆ دابنرێت.
به‌شه‌كانی ئامێره‌كه
چاوێلكه‌یه‌ك، بۆ تۆماركردنی وێنه‌كان، له‌وێشه‌وه وێنه‌كان بۆ ئامێری دووه‌م، كه وه‌ك ناوه‌ندێك كار ده‌كات، ره‌وانه ده‌كات.
ئامێری دووه‌م، وه‌كو كۆمپیوته‌رێكی بچووكه، هه‌م وه‌رگر و هه‌میش نێره‌ر، سه‌رچاوه‌ی وزه‌كه‌شی (وایه‌رلێس)ـه و له چاوێلكهكه وه‌ریده‌گرێت، دوای وه‌رگرتنی وێنه‌كان له چاوێلكهكه، راسته‌وخۆ وێنه‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ به‌شی سییه‌م، كه هه‌ستیارترینیانه و له‌سه‌ر مێشك چه‌سپێندراوه.
ئامێری سێیه‌م، وێنه‌كان وه‌رده‌گرێت و ده‌یانداته‌وه هه‌سته‌ده‌ماره‌كانی میشك كه به‌رپرسی بینینن.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئامێره‌كه
له‌گه‌ڵ ئه‌وه دكتۆر نه‌بیل گه‌ره‌نتی 100%ی سه‌ركه‌وتنی داهێنانه‌كه‌ی ده‌دات، هاوكات باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئامێره‌كه‌ش ده‌كات، كه روونییه‌كی ته‌واوی وێنه‌كان بۆ نابینا‌كان، ئه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت چاویشیان نییه، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئامێره‌كه وێنه‌كان به كوالیتی 4 هه‌زار پیكسل ده‌گوازێته‌وه و روونيیهكی ته‌واو ده‌داته ئه‌و كه‌سه‌ی ئامێره‌كه‌ی بۆ دانراوه.
ده‌توانرێت به كۆنتڕۆڵه‌كه‌ی ده‌ست، شێوازی بینین، له وێنه‌ی ئاساییه و بگۆڕێت به بینینی پله‌ی گه‌رمی (حراری)، واتا شته‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌رمییه‌كه‌یان ببینێت، هاوشێوه‌ی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی له هه‌ندێك دووربینی شه‌وانه و فڕۆكه‌ی جه‌نگیدا هه‌ن.
له رێگه‌ی بلوتوزه‌وه له بنه‌ڕه‌ته‌وه په‌یوه‌ست ده‌كرێن و هیچ بوارێك بۆ هاككردن و ده‌ستێوه‌ردانی سیسته‌مه‌كه نه‌هێڵراوه‌ته‌وه.
هیچ ئامێرێك له‌گه‌ڵ ئامێرێكی دیكه تێكه‌ڵاو نابێت و داتاكان بۆ یه‌كتر ناگوازنه‌وه، واتا ئه‌گه‌ر دوو كه‌س هه‌مان ئامێریان بۆ دابنرێت و له یه‌ك شوێن و نزیك یه‌كیش بن هیچ گرفتێك نایه‌ته پێش، چونكه سیسته‌مه‌كه پێویستی به (په‌یر) كردنى پێشوه‌خته هه‌یه و ئه‌وه‌ش هه‌ر ئامێرێك له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆی كراوه.
چاوێلكهكه بارگاوی ده‌كرێت و ماوه‌ی 18 كاتژمێر كارده‌كات و به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی كار ده‌كات.
كۆنتڕۆڵێك هه‌یه بۆ كارپێكردن و رێكخستنی ئامێره‌كه.
ده‌توانرێت چه‌ندین به‌رنامه‌ی جیاواز بۆ ئامێره‌كه دابندرێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئاسانكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی ئامێره‌كه‌یان بۆ داده‌نرێت، وه‌كو دانانی ناو و وێنه‌ی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانتر بیانناسێته‌وه، دانانی به‌رنامه‌ی ناڤیگه‌یته‌ر بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌كان به ئاسانترین شێوه.
پزیشكه‌كه ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه، ئامێره‌كه تا پله‌ی گه‌رمی 39 كارده‌كات و دواتریش هه‌سته‌وه‌رێكی هه‌یه، له كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی راده‌گرێت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه كه پله‌ی گه‌رمی مرۆڤ جێگیره و 37.5 پله‌یه، له كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتر ته‌ندرووستی مرۆڤ تێكده‌چێت، بۆیه ئامێره‌كه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پله‌ی گه‌رمی جه‌سته، بۆ 39 رادهوهستێـت و كارناكات، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر هه‌ستیاری ئامێره‌كه و ئه‌و شوێنه‌ی كه پێیه‌وه به‌ستراوه.
تا ئێستاش دكتۆر نه‌بیل، كه خاوه‌نی داهێنانهكهیه، هیچ ناوێكی بۆ ئامێره‌كه دیاری نه‌كردووه.
ڤیدیۆی روونكردنه‌وه‌یی چۆنیه‌تی كاركردنی ئامێره‌كه، كاتێك بۆ كه‌سێكی نابینا دانراوه