ئه‌مریكا سزای زیاتر به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند

 

له‌گه‌ڵ ئالۆز بوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و توركیا كه‌ به‌ هۆی ده‌ستگیركردنی قه‌شه‌یه‌كی ئه‌مریكیه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌, له‌ ئێستادا ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی سزای زیاتره‌ به‌سه‌ر توركیا له‌ دواهه‌مین هه‌نگاویشیدا, وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌ندرۆ برانسۆن، قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ ئازاد بكات، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ سزای زیاتر به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنێت.

ستیف منوشن، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكادا وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پرسیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌و رێككارانه‌ی بۆ ئازادكردنی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر گوتی: “سزامان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكوومه‌تی توركیادا سه‌پاندووه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری ئازادنه‌كردنی برانسۆن به‌زووترین كات له‌لایه‌ن توركیاوه‌، پلانی زیاتریشمان به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌”.

شه‌وی رابردوو كۆشكی سپی رایگه‌یاند، كاتێك ئه‌نقه‌ره‌ قه‌شه‌ برانسۆنی ئازادكرد ئێمه‌ش پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌و سزایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندوومانه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌یسه‌كه‌ی برانسۆن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌و باجه‌وه‌ نییه‌، كه‌ له‌سه‌ر كانزا ره‌قه‌كان و كاڵا توركییه‌كان دانراون‌.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باجی له‌سه‌ر كانزا هاورده‌كراوه‌كانی توركیای دانا، ئه‌نقه‌ره‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی واشنتن باجی خسته‌ سه‌ر كاڵاكانی ئه‌مه‌ریكا.

له‌كاتێكدا توركیا قه‌شه‌ برانسۆنی به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی 2016 ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌، واشنتن ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا ناوی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و وه‌زیری حكوومه‌تی توركیای خستۆته‌ لیستی سزادراوان، دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، تا برانسۆن ئازاد نه‌كرێت سزاكان به‌رده‌وام ده‌بن. ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتن گرژی تێبكه‌وێت و رۆژانه‌ لێدوانی دژ به‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ ده‌بیسترێن‌.

Back to top button