یه‌كێتی داوای لێبوردن له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات
به بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه له رێگه‌ی په‌یامی پیرۆزبایی جه‌ژنه‌وه یه‌كێتی داوای لێبووردنی له بزوتنه‌وه‌ی گۆران كرد .
یه‌كێتی به بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان له په‌یامێكی پیرۆزبایی دا بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت :” “پیرۆزبایی له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و گه‌له‌كه‌مان له سه‌رانسه‌ری كوردستان ده‌كه‌ین و هیواخوازین ئه‌م جه‌ژنه، وه‌ك جه‌ژنی گه‌ردن ئازادی و لێبوورده‌یی له‌یه‌كتر، له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی قبووڵكراو بێت”.
له‌به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی یه‌كێتی به بۆنه‌ی پیرۆزبایی جه‌ژنی قوربانه‌وه نوسیویه‌تی ” به‌ئومێده‌وه له هه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ڕوانن، كه له‌م بۆنه نیشتمانی و ئایینییه‌دا، به‌ئامانجی یه‌كڕیزیی و یه‌ك هه‌ڵوێستی گه‌له‌كه، له به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كانی بارودۆخی ئێستەی ناوچه‌كه و هه‌لومه‌رجی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق، كه پابه‌ندبێت به‌ته‌واوی ماده و بڕگه‌كانی ده‌ستور و رێكه‌وتنه‌كان جێبه‌جێ بكات، كێشه‌ی ئابووری خه‌ڵك و خزمه‌تگوزارییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، تێبكۆشن”.
له كۆتایی په‌یامه‌كه‌شدا یه‌كێتی ڕایگه‌یاندووه” هه‌ر له‌م جه‌ژنی لێبوورده‌یی و گه‌ردن ئازادییه‌شدا، رایده‌گه‌یه‌نین كه داوای لێبووردن و گه‌ردن ئازادی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ین، كه ئه‌گه‌ر هه‌ر رووداوێك، له ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگه‌رانی كردبن، به‌تایبه‌ت له‌و رووداوه‌ی كه به‌هۆی كۆی كێشه‌كانی شه‌وی ته‌ته‌ڵه‌كردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ۱۲ی۵ی۲۰۱۸ رووی دا. ئه‌م په‌یامه‌شمان له هه‌ستی به‌رپرسیارییەتیمان به‌رامبه‌ر به‌چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت”.
ئێواره‌یی 12ی ئایاری دوای كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بزوتنه‌وه‌ی گۆران یه‌كێتی تۆمه‌تبار كرد به ساخته‌كاری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ودواتر گرژی و ناكۆكی كه‌وته نێوان یه‌كیتی و گۆران و له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه هه‌ڵكوترایه گرده‌كه‌ی گۆران و ته‌قه له مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆران و گۆری نه‌وشیروان مسته‌فا كرا .