حەیدەر شەشۆ: پەکەکە هەوڵدەدات کوشتنی زەکی شنگالی بۆ کێشەی ناوخۆیی ئێزدییان بگۆڕێت

 

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەناڵی (چرا تیڤی)، لە زاری کەسوکاری زەکی شنگالی و هەندێک لە لایەنگرانی پەکەکەوە، هەریەک لە قاسم شەشۆ و حەیدەر شەشۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان لە تیرۆرکردنی زەکی شنگالیدا هەبووە.

لە بەرامبەردا ، حەیدەر شەشۆ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە تاوانکارییە و ”ئێمە ماڵباتی مام زەکیمان بە کەسوکاری خۆمان هەژمار کردووە و ئەگەر ناکۆکیی سیاسیشمان هەبووبێت، هەرگیز خراپەی یەکدیمان نەویستووە“.

 

حەیدەر شەشۆ ئاشکرای کرد کە پەکەکە پلانێکی هەیە تاوەکوو ”کوشتنی زەکی شنگالی بکاتە کێشەی ناوخۆیی ئێزدیان“. گوتیشی: ”ئێمە هیچ جارێک نەبووین بە خۆفرۆش تا میللەتی خۆمان بفرۆشین. زەکی شنگالی مامی ئێمە بووە. سی و چەند ساڵە ئێمە بنەماڵەی زەکی شنگالی دەناسین، ئەو وەک مامێک بووە بۆ ئێمە“.

 

شەشۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی سیاسیی پەکەکە سێ مانگ پێش هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکەی زەکی شنگالی، زانیارییان لەبارەی بە ئامانجگرتنی ناوبراو هەبووە، بەڵام ”بۆچی مام زەکی نەبرایە شوێنێکی دیکە؟“. پرسیاری ئەوەشی لە بەرپرسانی پەکەکە کرد، ئاخۆ بۆچی ئەو کەسەیان ئاشکرا نەکردووە کە زانیاریی وردی لەبارەی زەکی شنگالی و جموجۆڵەکەی داوە؟ گوتیشی: ”ئەگەر دەستی گەورەکانی خۆتانی تێدا نەبێت؟“.

 

حەیدەر شەشۆ هۆشداریی توندی بە پەکەکە و هەر لایەنێک دا کە بیەوێت کوردانی ئێزدی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەکار بهێنێت و بە پەکەکەی ڕاگەیاند: ”ئەوە پلانێکی حزبەکەی خۆتانە تاوەکوو جارێکی دیکە ئێزدییەکان بکەنە قوربانی و بیخەنە نێو بەرنامەی خۆتان. شنگال شنگالی ئێزدییان و خەڵکی ئێزیدخانە“. دووپاتیشی کردەوە: ”کوشتنی زەکی شنگالی پلان بوو، هێنایانە شنگال و تێکەڵی ئێزدییان بووەوە بە قووڵی، بەڵام دیسان پەکەکە دەیەوێ زەکی شنگالی بۆ خۆی بەکار بهێنێت“.

Back to top button