شاخه‌وان عه‌بدوڵا:رۆژانه‌ ۲۰۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر و به‌ قاچاخ به‌ره‌و ئێران ده‌دزرێت

میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی به‌هاوكاری گرووپی خیانه‌تی ۱٦ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی، به‌رده‌وامن له‌ دزینی نه‌وتی كه‌ركووك وهه‌نارده‌كردنی بۆ ئێران، رۆژ له‌دوای رۆژیش هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ ڕێگای تانكه‌ره‌وه‌ زیاد ده‌كه‌ن.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری خولی سێیه‌مى په‌رله‌مانی عێراق، ڕایگه‌یاند: “نه‌وتی كه‌ركووك له‌دوای داگیركردنی شاره‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ده‌برێته‌ ئێران و به‌ دوو شێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، شێوه‌یه‌كیان حكوومه‌تى عێراق به‌ تانكه‌ر ده‌ینێرێته‌ ئێران، كه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراقه‌، كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ده‌بێ هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌هاوئاهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى ئه‌و پارێزگایه‌ و ناردنى ئه‌و نه‌وته‌ش له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ ئێستا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیى پارێزگار و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ڕوات‌”.

په‌رله‌مانتاری خولی سێیه‌مى په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسینی پارتی، ڕاشیگه‌یاند:” ئه‌وه‌یشی كه‌ به‌ نافه‌رمى و له‌ ڕێگاى ته‌ناكه‌ره‌وه‌ ده‌نێردرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ ۲۰۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر و به‌ قاچاخ به‌ره‌و ئێران ده‌دزرێت و داهاته‌كه‌یشی بۆ حكوومه‌ت نییه‌، به‌ڵكوو بۆ حه‌شدى شه‌عبی و هه‌ندێك له‌ مافیاكان و سه‌رانی ۱٦ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتییه‌، كه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانیان له‌ ۱۶ی ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا ڕاده‌ستی حه‌شدى شه‌عبی كرد.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا گووتیشی: “له‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆری كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى سنوورى كه‌ركووك نه‌وت ده‌رده‌كرێت و ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووك،‌ بۆیە تا دۆخی كه‌ركووك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌، دزینی نه‌وتی كه‌ركووك له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ به‌رده‌وام و زیاتریش ده‌بێت”.

له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ڕه‌شی ۱٦ـى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی و هێزه‌ ئێرانیه‌كان بۆ سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان،كه‌ركوك كه‌وته‌ ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی وهێزه‌كانی ئێرانی له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه‌ پێمهاته‌كانی تر له‌ زیادبووندایه‌.

Back to top button