ئێران ناوچه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و سیده‌كان تۆپباران ده‌كات

جارێكی دیكە تۆپخانەكانی ئێران دەستیان كردووەتەوە بە تۆپبارانكردنی ژمارەیەك گوندی سەر بە سیدەكان.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، رایگەیاند: “كاتژمێر ١١:٣٠ خولەكی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان كردووە بە تۆپبارانكردنی كوێستانەكانی بەربەزین و بن پەرێزا لە سنووری شارۆچكەی سیدەكان و ئێستاش تۆپبارانكردنەكە بە چڕی بەردەوامە”.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان گوتیشی: “زیانی گیانی نییە و تەنیا ڕەز و باخی هاووڵاتیان زیانی پێ گەیشتووە، بەڵام تاوەكو تۆپبارانكردنەكە نەوەستێت، نازانین قەبارەی زیانەكان چەندە‌”.

لای خۆیەوە فەرزەنک ئەحمەد، بەرێوبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ، ده‌ڵێت: “ئەمڕۆ كاتژمێر۱۱ی پێشنیوەڕۆ جارێکی دیکە تۆپخانەکانی وڵاتی ئێران دەستیان بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەڤەری ئالانەی سەر بە حاجی ئۆمەران کردەووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

بەرێوبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ده‌شڵێت:” تۆپبارانکردنی ئیران بۆ ئەو ناوچانە بە بیانوونی ھەبونی ھێزەکانی پەکەکە و حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ھیچ ھێزێک لەو ناوچانە نابیندرێت و بەھۆی ئەوەی ئەو ناوچانە چۆڵ کراون تۆپبارانکردنەکە زیانی نەبووە”.

Back to top button