وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: ئێران یارمه‌تی گرووپی توندڕه‌وی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دات, موشكه‌ی بالستیكی پێداون

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌مریكا ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ بوونی چالاكی ئێران له‌ نێو خاكی عێراق و سوریاو یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان, هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ تۆمه‌تبارده‌كات به‌ هاوكاری كردنی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ دواهه‌مین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی “چالاکییە وێرانکەرەکان”ی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا, لە چەندین شوێنیش باس لە “رۆڵی خراپی ئێران” لەناو عێراقدا دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە (راپۆرت)ـەکەدا دەڵێت “گرنگە جیهان لەو راستییە تێبگات کە ئێران راهێنانی بە چەکدارانی شیعەی عێراقی و ئەفغانستانی و پاکستانی کردووە و گواستوونیەتەوە بۆ سووریا تاوەکو یارمەتی بەشار ئەسەد بدەن لە سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیلی بێتاوانی سووریادا”.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە “ئێران تەکنەلۆژیای مووشەکی دەداتە ئەو هێزانەی ناوچەکە کە شەڕی بەوەکالەتی ئەو دەکەن. راپۆرتەکانی ئەم دواییە باس لەوە دەکەن ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق دەگوازێتەوە، کە ئەوانیش لە ئەیلوولی رابردوودا باڵەخانە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایان لە بەغدا و بەسرە کردنە ئامانج”.

لەبارەی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت “ئێران یارمەتی گرووپە تووندڕەوەکانی حەشدی شەعبی دەدات، لەوانەش کەتائیبی حیزبوڵڵا. گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی فەرمی زانیاری دەدەنە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بەڵام هەندێک گرووپی بێ دیسیپلینی حەشدیش وەڵامی داخوازییەکانی سوپای پاسداران دەدەنەوە”.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە “چەندین راپۆرت باس لە ترساندن، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی سوننەی عێراق لە لایەن ئەو میلیشیا شیعانەوە دەکەن کە ئێران پاڵپشتیان دەکات. بۆ نموونە، راپۆرتەکان دەڵێن کەتائیبی حیزبوڵلا دانیشتووانی عەرەبی سوننەی لە پارێزگاکانی دیالە و بابل ترساندووە و رێگەی نەداوە ئاوارە عەرەبە سوننەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان”.

Back to top button