خیانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی ڕەش و نسکۆیەکی گەوەرەیە بۆ کورد

جوان حەسەن، ئەندامی ئه‌نجومه‌ن و سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ له‌ پارێزگای كه‌ركوك له‌ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕاگەیاند: “دۆخی ئێستای شاری کەرکووک بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە و ڕۆژانە ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک تووشی ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە دەبنەوە، چونکە ئێستا ھیچ ھێزێکی کوردستانی شارەکە بەڕێوە نابات، بەڵکوو ھێزە عێراقییەکان و پۆلیسی عێراقی ھەژموونیی خۆیان بەسەر شاری کەرکووکدا سەپاندووە، بۆیە ھاووڵاتیان لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین، ھەروەھا بەردەوام دزی و ڕاو و ڕووتی ماڵان ڕوو دەدات”.

جوان حەسەن، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕاشیگه‌یاند : “بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لەناو کەرکووک لەوپەڕی لاوازیدایە و لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری ئێستای کەرکووک پاڵپشتی ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە ناکات، زۆر جار بڕیارەکانی پارێزگاری کەرکووک تاکلایەنە و شۆڤێنینیانەن و پێچەوانەی یاسان، چونکە ھەوڵی ئەوە دەدات ئەنجومەنی پارێزگا پەراوێز بخات، ھەرچەندە بەپێی یاسا کاتێک میزانیە دەردەچێت، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک میزانیەکە پەسەند بکات، بەڵام تا ئێستا سێ میزانیە ھاتووە کەس نازانێ چۆن خەرج کراوە، بەڵام ئەوەندەی کە زانیاری بڵاو بووەتەوە، پارێزگاری کەرکووک ئەو پارەیەی بۆ ناوچە عەرەب‌نشینەکان خەرج دەکرێت، بۆیە لە بابەتی بوودجەدا گەندەڵییەکی ئاشکرا ھەیە و ناوچە کوردنشینەکان لە ھەموو پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بێبەش کراون”.

جوان حەسەن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك گوتی : ” پارێزگاری ناشه‌رعی کەرکووک ھەوڵی ئەوە دەدات، زۆرترین عەرەب بھێنێتە شاری کەرکووک و دەیەوێ عەرەب لەسەروو کوردەوە بێ و جێگە بە ھاووڵاتییانی کورد لێژ بکات، بەڵام پێشتر کە پارێزگاری کەرکووک کورد بوو، ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکاندا نەبووە و ژیانی ھەموو ھاووڵاتیان دەپارێزرا”.

هه‌روه‌ها ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک له‌ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی : “١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورەیە و پەڵەیەکی ڕەشە و نسکۆیەکی گەوەرەیە بۆ کورد، چونکە ناخی کوردی ھەژاندووە و کورد لە کەرکووک لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، بەڵام بەھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەرکووک ڕادەستی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرا”.

له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ڕه‌شی ۱٦ـى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی و هێزه‌ ئێرانیه‌كان بۆ سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان،كه‌ركوك كه‌وته‌ ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی وهێزه‌كانی ئێرانی له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه‌ پێمهاته‌كانی تر له‌ زیادبووندایه‌.

Back to top button