زڕدایک و باوکێک بەهۆی ئەشکەنجەدانی سێ‌ مێرمنداڵیان ۱۲ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایه‌وه‌

زڕدایک و باوکێک لە پارێزگای سلێمانی دوای دووساڵ لە دەستبەسەرکردنیان بەهۆی ئەشکەنجەدانی سێ‌ مێرمنداڵیان، لەلایەن دادگاوە بڕیاری ۱۲ ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.

رائید هێمن عەلی رەسوول، لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لقی چەمچەماڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “ئەو سێ منداڵەی لە رێککەوتی ۱-۱۲-۲۰۱٦ لە شارۆچکەی ئاخجەلەری سلێمانی دوای ئەوەی لەلایەن باوکیان و زڕدایکیان لێیاندرا و ئەو بابەتە لە میدیا بڵاوبووە و کاری لەسەرکرا، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستگیریانکردن”.

لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان گوتیشی “دوای ئەو ماوە دوورودرێژە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی یاسای ٤۱۲ لە یاسای سزادانی عێراقی، زڕدایک و باوکی ئەو سێ منداڵە بۆ ماوەی ۱۲ ساڵ زیندانی حکومدران”.

رائید هێمن عەلی رەسوول ئاماژەی بەوەشكرد “ئێستا بارودۆخی ئەو سێ منداڵە باشە و لەلایەن مامیانەوە بەخێودەکرێن”.

Back to top button