ئەشواق جاف: لە عێراق كێشەی عەقلیەتی بەڕێوەبردن هەیە, دان بە مافەكانی كورد ناندرێت

 

لەگەڵزیاد بوونی پێشێلكاریە دەستووریەكان لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق, ئەندامێكی كورد لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە “كێشەی حوكمڕانی لە عیراق كێشەی عەقڵیەتی بەڕێوبردنەو، باوەڕی بەحوكمی مەركەزیەتەو دان بە مافەكانی كورددا نانێت”.

ئەشواق جاف ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند، “دەوڵەتی عیراق كێشەی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی هەیەو دەیەوێت لەبەغداوە كۆنترۆڵی سەرتاسەری عیراق بكات بە شێوەیەكی مەركەزی و دان بە مافەكانی كورد نانێت هەرچەندە لەدەستوردا جێگیر كراون”.

وتیشی: “لەدوای ساڵی 2003وە تەنها دەموچاوەكان گۆڕاون لە عیراقدا ئەگەر نا بەهەمان سیاسەتی رژێمەكانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن و ئامادەنین ئەو مادانەی دەستور جێبەجێ بكەن كە مافی میللەتی كوردی مسۆگەر كردووە”.

پەرلەمانتارەكەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی گوتیشی :”لەكاتی بڕینی بودجەو قوتی خەڵكی هەرێم و بێبەشكردنی پێشمەرگە لەماف و ئیمتیازاتەكانی، نەمانبینی هیچ سیاسیەكی عیراق بەوانەشی كە خۆیان بەدۆستی كورد دەزانن، هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی بنوێنن و بەرگری لە كورد بكەن، بۆیە هەتا كورد خۆی یەكڕیز نەبێت، چاوەڕوانی ئەوە نەبێت هیچ مافێكی لەبەغدا بەدەست بهێنێت”.

Back to top button