په‌یمانگایه‌كی ئه‌مریكی راھێنان بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ده‌كات

پەیمانگای دیموکراسی کە پەیمانگایەکی ئەمەریکییە، راھێنان بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا، پیشەییانە کاری پەرلەمانتاری ئەنجامبدەن.

بۆ ماوەی سێ رۆژ نزیکەی ۱۰۰ پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمان راھێنان دەکەن، راھێنەرە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت، ئەو پەرلەمانتارانە لەسەر کاری پەرلەمانی رابھێنن، بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی خولەکەیان، زیاتر بپرژێنە سەر داواکاری ھاووڵاتییان.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتی گووتی: “كردنەوەی خولی رێبەری لەلایەن پەیمانگای دیموكراسی، گرنگی خۆی ھەیە، بەتایبەت بۆ ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە دەتوانین بڵێین بەشی زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولە نوێن، بۆیە پێویستە شارەزا بكرێن لە چۆنیەتی كاركردن و پەیوەندیی لەگەڵ ھاووڵاتییان”.

پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کۆمەڵێك بنەما و پرەنسیپی کاری پەرلەمانتاری بۆ پەرلەمانتاران دیاریکردوو، ھێڵە گشتیەکانی کارکردنیشی داناوە، بەڵام دەیانەوێت لە رێگەی راھێنەرانی بیانی، سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرن.

Back to top button