د.مه‌حمود عوسمان : بارزانی له‌ حیزب گه‌وره‌تره‌و پێویسته‌ كورد یه‌كگرتووبن و ناكۆكییه‌كان نه‌به‌نه‌ به‌غدا

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ١١ی ٢٠١٨، سەرۆک بارزانی، بەیاوەریی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵا، گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و دواتر سەردانی نەجەفیان کرد و فەرشی سووریان بۆ ڕاخرا و لەلایەن سەرجەم سەرکردە باڵاکانی عێراق هەم پێشوازی کران و هەم وەک ڕووداوێکی مێژوویی سەردانەکە لێکدرایەوە.

دكتۆرمەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕاگەیاند: ”بەدڵنیاییەوە سەردانەکەی بارزانی ھەنگاوێکی باشە، چونکە وەک شەخس لە عێراقدا ناسراوە و پێگەی ھەیە و لەگەڵ ھەموو لایەنەکانیش پەیوەندیی ھەبووە و دەیناسن و ڕێزیان بۆی ھەیە، ھەروەھا لە پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم و دروستبوونی کێشەکانیش سەردانی بەغدای نەکردووە، ئێستاش کە کاتی دروست بوونی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقە، بە بۆچوونی من سەردانەکەی ھەنگاوێکی باشە، بۆ دروستبوونەوەی پەیوەندییەکان“.

مەحموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ڵێت : ”بارزانی خۆی لە بابەتی حزبی گەورەترە و ڕۆڵی ھەیە“پێویسته‌ ”کوردیش لەوەدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بن کە ناکۆکییەکانی ئێرە نەبەنە بەغدا تا بگەنە ئەنجام“.

دكتۆر مه‌حمود عوسمان لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەی کە دژایەتیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکەن، گووتی: ”کەس مافی ئەوەی نییە دژی سەردانەکەی بارزانی بێت، چونکە یەکێتی و حزبی دیکەش چوونەتە بەغدا، بۆیە بارزانیش مافی خۆیەتی بڕوات“ پاشان ”ھەموو حزبەکان و ئەمریکا و ئێرانیش پێیان خۆشبووە ئەم سەردانە بکات، بۆیە کەس مافی نییە ڕەخنە بگرێت“.

هه‌روه‌ها گوتیشی :” گرنگە ھەموو حزبەکان سەرنج بخەنە سەر درووستکردنی ئیدارەیەکی ھاوبەش بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، تاوەکوو ئەو دۆخە سەربازییە سەپێنراوە لە کەرکووک نەمێنێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە کە چارەسەری ئەو بابەتە ”بە ماددەی ١٤٠ دەبێت“.

Back to top button