نادیە موراد: برازایەكم داعشە هەڕەشەی كوشتن لێدەكات
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەستیان بەسەر شارۆچكەی شەنگالدا گرت و نزیكەی حەوت هەزار كچ و ژنی ئێزدییان بەدیل گرت و بازرگانییان پێوەدەكرن, نادیە موراد یەكێك بوو لەو كچ و ژنانە دوای ئازاد بوونی,ئەو چالاكوانەی ئێزدی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی رایگەیاند كە برازاكەی لە ریزەكاندا رێكخراوی داعشدا لە سوریا دەجەنگێت و هەڕەشەی كوشتنی لێكردوون.
نادیە موڕاد چالاكوانی ئێزدی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە مونتەدا دەوحە كە پایتەختی وڵاتی قەتەر بەڕێوەدەچێت وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە برازاكەی پەیوەندی كردووە بە رێكخراوی داعشەوە و لە ئێستادا لە ریزەكانی ئەو رێكخراوە لە سوریا دەجەنگێت.
نادیە موڕاد ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییان بە برازاكەیەوە كردووە بۆ ئەوەی ریزەكانی داعش بەجێبێڵێت و بگەڕێتەوە، وتی: “برازاكەم پێیوتین ئێوە كافرن و دەتانكوژم گەر بكرێن بە كەنیزەك”.
نادیە موڕاد كە لەلایەن داعشەوە رفێندرا و ماوەیەك لەژێر دەستی ئەو رێكخراوەدا بوو، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا و رایگەیاند كە بە خەڵاتەكەی نەخۆشخانەیەك بۆ قوربانییانی دەستدرێژی سێكسی لە شەنگال دروست دەكات.
شایەنی باسە, نادیە موراد لە گوندێكی نزیك شەنگال، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لەژێر دەستی ئەو گرووپە تێرۆریستیە بوو و دواتر توانی هەڵبێت و خۆی دەرباز بكات. هەروەها لە 100 كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ساڵی 2016 دەستنیشان كرا لەلایەن گۆڤاری تایمی ئەمەریكییەوە.