سبەی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە سێ‌ وەزیری كابینەی نوێی سوێند دەخۆن

 

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە متمانە بە سێ‌ وەزیری كابینەی نوێی عێراق درا, بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سبەینێ پێنجشەممە 20/ 12/ 2018 دانیشتنی ئاسایی خۆی ببەستێت و تێیدا چەند پرسێك تاوتوێ بكەن.
‫ ‬
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە, سبەی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە, كارنامەی دانیشتنەكە، سەرەتای دانیشتنەكە بەسوێندخواردنی یاسایی وەزیرە تازە هەڵبژێردراوەكان دەست پێدەكات، كە وەزیرانی خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری و پلاندانانن.

لە بڕگەیەكی دیكەدا تەماشای ئەو تانانە دەكرێت كە لەبارەی نادروستی چەند پەرلەمانتارێك، پێشكەش كراون.

هەروەها تەواوكردنی دەنگدان لەسەر هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بەدوای ئەویشدا بەئامادەبوونی وەزیری كارەبا، گفتوگۆی بەرنامەی وەزارەتەكە بۆ ساڵی 2019 دەكرێت.

بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكە دەنگدان لەسەر كاندیدی ئەو پێنج وەزارەتەی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ماونەتەوە، لەخۆ ناگرێت.

Back to top button