چارەسەر لە هەولێرە نەك قەندیل
ڕۆژنامەنوس حازم ئەمین لە وتارێكدا كە لە پێگەی الحرة بڵاوی كردۆتەوە باس لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و كاریگەری لەسەر ئایندەی ناوچە كوردیەكانی ئەو وڵاتە دەكات،ئەمین باس لە دیدارێكی خۆی و ئاڵدار خەلیل دەكات و ئەوە دەخاتە ڕوو كە ساڵێك لەمەوبەر چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەو بەرپرسەی پەیەدە ئەنجام داوەو لێی پرسیوە لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئێوە چی دەكەن؟ئاڵدار پێی ڕاگەیاندووە كە لەگەڵ عەرەبەكان هەرێمەكەیان دەپارێزن!!
ئەمین لە وتارەكەیدا باس لە كورت بینی و ناواقیعی وەڵامی بەرپرسەكەی پەیەدە دەكات و ئاماژە بەوە دەكات لە ئێستادا ئەو هێزە كوردیەی ڕۆژئاوا كەوتۆتە ناو دۆزەخی هەریەك لە توركیا،سوریاو ئەو هێزە عەرەبیانەی كە ئاڵدار پێی وابوو پشتیوانی ئەوان دەكەن،ئەمین دەڵێت ئاڵدار لە بیری كردبوو ئەو هێزانە ۆكەی لە توركیا وەردەگرن.
ئەو ڕۆژنامەنوسە تیشكی خستۆتە سەر خراپی دۆخی كوردان لەو وڵاتەو پێی وایە دەبێت دەستوبرد بكرێت بۆ ئەوەی كارەساتی مەرگهێن ڕونەدات و كوردان بپارێزرێن بۆ ئەوەش باس لە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات و ناوی پارتی و یەكێتی دەهێنێت تا لەو ڕوەو ڕۆڵ بگێڕن چونكە قەندیل هیچی لەدەست نایەت بۆ پاراستنی كوردانی سوریا.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە یەكێتی هێزێك نیە بتوانێت دەستپێشخەری هەبێت و گوێی لێ بگیرێت و ئەو توانایەی نیە،بۆیە ئەو ڕۆژنامەنوسە پێی وایە بارزانی ئەو توانایەی هەیە لە گەڵ جەمسەرەكان مامەڵە بكات بۆ پاراستنی كوردان لەو مەرگەساتەی كە لەڕێیانە تا وەك كوردانی عێراق جینۆساید و ئەنفال نەكرێن