پێگەیەكی ئەلیكترۆنی ئەمریكا: ئەمریكا هیزەكانی لە عێراقیش دەكشێنێتەوە
دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان, كە كاردانەوەیەكی گەورەی لە سەر ئاستی ناوچەكەو نێو دەوڵەتی لێكەوتەوە, پێگەی ئەلیكترۆنی “زیرۆ هیدج”ـی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، دوای تەواو كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، پێشبینی دەكرێت، ئەو كاردانەوەیەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق بەدوای خۆیدا هێناوە، ببێتە هۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقیش لە كۆتایی ویلایەتی ترەمپ لە ساڵی 2020.
ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەكاتی سەردانە لەناكاوەكەی ترەمپ بۆ بنكەی “عەین ئەسەد” لە ئەنبار، مەرجەكانی ئەمەریكایان رەتكردبووەوە بۆئەوەی لەگەڵی كۆ ببنەوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، “لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ رێكخستنی دیداری نێوان ترەمپ و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەبدولمەهدی بەو مەرجە بە سازكردنی دیدار لەگەڵ ترەمپ رازی بوو، كە لەشاری بەغدا یانیش لە بەشی هێزە عێراقییەكان لە هەمان بنكەی عەین ئەسەد ئەنجام بدرێت، بەڵام ترەمپ رەتی كردەوە و بەو مەرجە ئامادەی سازكردنی كۆبوونەوە بوو، كە لە بەشی هێزە ئەمەریكییەكانی ئەو بنكەیە لەگەڵ عەبدولمەهدی كۆببێتەوە، ئەمەش لەبەر هۆكاری ئەمنی، بۆیە لایەنی عێراقیش ئەو دیدارەی رەتكردەوە، چونكە عێراق لەو باوەڕەدا بوو، ئەگەر عەبدولمەهدی لە بەشی ئەمەریكییەكانی ئەو بنكەیە لەگەڵ ترەمپ كۆ ببایەوە، وا هەژمار دەكرا، كە لە وڵاتی خۆی میوانی ئەمەریكییەكانە”.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا نووسراوە، “ترەمپ خۆی لەو پرۆتۆكۆڵە دزیوەتەوە، كە چوونە ناو وڵاتێكی بێگانەی خاوەن سەروەری بەبێ پرس، كاردانەوەی توندی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و سەرۆك رێكخراوەكان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەم رەفتارەی ترەمپ هەست بە سووكایەتیپێكردن دەكەن و داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكەیان دەكەن، لەكاتێكدا بەشێكی بەرپرسان و دەسەڵاتدارنی عێراقیش بە هەڕەشەكردن فشار دەخەنە سەر ئەمەریكا بۆئەوەی هێزەكانی بكشێنێتەوە”.
لە درێژەی راپۆرتەكەدا باسی ئەوە كراوە، “ئەو لێدوانەی ترەمپ ئەوەندەی دیكە عێراقییەكانی تووڕە كرد، كە رایگەیاندبوو، هێزەكانیان لە عێراق ناكشێننەوە و هەوڵیش دەدەن ئەو هێزانەی لە سووریا دەكشێننەوە، بگوازنەوە بۆ بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق و بەكارهێنانی ئەو هێزانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ ناو خاكی سووریا، دواتریش كەتیبەكانی حیزبوڵڵا وەڵامی ئەو لێدوانەی ترەمپیان دایەوە و بەڵێنیاندا، ئەو دەستە دەبڕنەوە كە دەیەوێت لە بنكە سەربازییەكانی عێراقەوە هێرشی سەر خاكی سووریا بكات”.
ئاماژە بەوەش دراوە، “دامەزراوەی ئەمەریكی كار لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتەكانی دەكات، بەڵام دوا بڕیاریش هەر لای خەڵكی عێراقە، بەتایبەت ئەوانەی هەژموونی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەت دەكەنەوە”.