كه‌سێكی نزیك له‌ به‌رهه‌م ساڵح ئاشكرای كرد بۆچی یه‌كێتی شه‌وی ڕابردوو ئاڵای كوردستانی له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد.؟

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووك لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، تەنانەت لەلایەن لایەنگرانی گرووپ و باڵەکانی خودی حزبەکەشەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت و بە کارێک کە جێگەی باوەڕ نەبێت، دادەنرێت. هاوکات نووسەرێکی نزیك لە بەرهەم ساڵح ڕای دەگەیەنێت کە کەسێک ئاڵا هەڵدەکات، توانای پارێزگاری لێکردنی هەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی (خـواكـورك)، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن یەکێتی، جگە لەوەی بەلای خەڵکی کوردستانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە، بەوەی گرووپێکی نێو حزبەکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا کەرکووك و زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستانیان ڕادەستی هێزەکانی عێراق کرد، کەچی ئێستا موژدەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەدەن. تەنانەت ئەم سیناریۆیە لەلایەن خودی یەکێتییەکانیشەوە جێگەی باوەڕکردن نییە و پێیانوایە تەنیا بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان کە دوێنێ سێشەممە ٨ی ١ی ٢٠١٩ هەوڵی لادانی ڕێبوار تاڵەبانییان لە پۆستەکەی دا، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا.

بەهرۆز جەعفەر، نووسەری نزیک لە بەرهەم ساڵح، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وتارێکی بڵاو کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە هەرچەندە بۆ ماوەی سێ ساڵ، دەیان هەزار پێشمەرگە لە خێوەتێکدا و لە سەرمادا جێگیر کران و لەبەردەم دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتیدا بەرگرییان کرد، نزیکەی ٤ هەزار پێشمەرگەش شەهید بوون و هەزارانیش بریندار بوون، بەڵام ”ئەنجامەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو.

هەر لە وتارەکەیدا بەهرۆز جەعفەر باسی لەوە کردووە: گرفتی ئێمە ئاڵا نییە لە کەرکووک، گرفتی ئێمە ئەو ھاوارەیە کە ١٠ ساڵە لە پێناویدا دەجەنگین“. هاوکات نووسیویەتی: ”ماوەیەکە تورکیا مەبەستیەتی مەلەفی ئەمنی لە شەنگالەوە بۆ مووسڵ بۆ کەرکووک تا دەگاتە دووز، بگرێتە ئەستۆی خۆی. مەرج ئەوەیە ئەم ئاڵایەی لە کەرکووک ھەڵ دەکرێت، ئاڵای کوردستانییان بێت نەک ئێران و لایەنێکی دیکە.

نووسەرەکە دووپاتی کردووەتەوە: ئاڵا کەسێک ھەڵی دەکا کە توانای پارێزگاری لێکردنی ھەبێت. ڕوونیشی کردووەتەوە، کەسێک ئاڵا ھەڵ دەکا و دروشم و لافی نەتەوەیی بەرز دەکاتەوە کە ئەرتەشێکی یەکگرتووی نیزامی ھەبێت، لۆبییەکی باشی لەناوەندە جیھانییەکاندا دروست کردبێت، دەیان سەنتەری بەھێزی توێژینەوەی لە پایتەختە دیارەکانی دونیا سەرپێ خستبێت، پاڵپشتیی ناوخۆیی و مرۆیی سەرپێ خستبێت.

بە بڕوای بەهرۆز جەعفەر، چارەسەر ئەوەیە کە ئەنجوومەنێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆ کوردستان درووست بکرێت، تاوەکوو ئەم باهۆزەی لە دونیا و لە کەنداو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپی هەڵیکردووە، مەترسییەکانی لە کوردستان دوور بخنەوە و دەرفەتیشی بۆ درووست بکرێت.

Back to top button