پارتی: له‌باره‌ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان له‌ كه‌ركوك هۆشداری ده‌دان

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەو دۆخەی ئێستای کەرکووکەوە، بەهیچ شێوەیەک ناتواندرێت هەڵبژاردن بکرێت.

ڕێبوار هادی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لێژنەی یاسایی و لێژنەی هەرێمەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمەکان کۆدەبنەوە، ڕوونیشی کردەوە، بەپێی ماددەی ٣٥ی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨، هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، بەڵام لە ماوەی ٦ مانگدا تۆماری دەنگدان تەئکیدی لێ دەکرێتەوە، ئەگەر ئەمە نەکرا، هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام پاککردنەوەی تۆمارەکان دوای هەڵبژاردن دەکرێت.

رێبوار هادی ئاشکرای کرد کە بۆچوونێک لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت، بەڵام ”ئەم بۆچوونە بە تەواوی سەرپێچیی چەندان ماددەی دەستووری و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاساکانی عێراقە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدانین ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبوەشێندرێنەوە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەداین کە هەڵبژاردن بکرێت، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد کە بەپێی ئەوەی دەیبینن، لە ڕووی ماددییەوە کۆمسیۆن مەحاڵە بتوانێت خۆی ئامادە بکات، تا مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٠.

جەختیشی لەوە کردەوە: بەو دۆخەی ئێستاوە ناکرێ هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، چونکە کەسانێك لە دەرەوەی یاسا لە کەرکووك موسەیتەرن بەسەر شارەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن دوای زیاتر لە ساڵێکیتر دەکرێت و دۆخی کەرکووکیش هەتا ساڵێکی دیکە نابێت بەو جۆرە بمێنێتەوە.

 

Back to top button