رۆژنامەی (واڵ ستریت ژورناڵ) گرووپەكانی حەشدی شەعبی بەرامبەر یەك وەستاون ئەگەری شەڕی ناوخۆی هەیە
دوای ئەوەی ناكۆكی كەوتە نێو گرووپە شیعەكان بە تایبەتی ڕەوتی حیكمە و عەسائیبی ئەهلی هەق تا دێت گرژتر دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە، شەڕی میدیاكانیان بۆ سەر شەقام بڕوا و شەڕی چەكداریی لێ بكەوێتەوە. چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، لە ئەگەری بەیەكدادانی گرووپەكانی حەشدی شەعبی، دۆخی عێراق لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.
ماوەیەكە لایەنە شیعەكان و گرووپەكانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم و عەسائبی ئەهلی حەق، لە میدیاكانیانەوە هێرشی توند دەكەنە سەر یەكتری و هەر یەكەیان بەرامبەرەكەی بە مەلەفی گەندەڵی و ئەجێندای دەرەكی تۆمەتبار دەكات، لە چەند رۆژی رابردووشدا لە پێكدادانی چەكداری نزیك بوونەتەوە. بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، پێشبینی دەكرێت ئەو شەڕە میدیاییە گرژتر بێت و بگوازرێتەوە بۆ شەقام و دواتر شەڕی خوێناویی چەكداریی لێ بكەوێتەوە.
لەمبارەیەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان سەركردەكانی حەشدی شەعبی، هەر یەك لە هادی عامری، هومام حەموودی و ئەبو مەهدی موهەندیس و شێخ سامی سعوودی و ئەحمەد ئەسەدی و ئەبو جیهاد هاشمی، لە شوێنی كاری قەیس خەزعەلی بەڕێوە چووە، دوای كۆبوونەوەكە، ئەو سەركردانەی شیعە و حەشدی شەعبی لە رێگەی راگەیاندنەكانیانەوە، داوایان كردووە ئەو هێرشە میدیاییانەی سەریان رابگیرێت، كە تیایدا ئەوان و هەندێ لە گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی كراونەتە ئامانج، هۆشداریشان داوە لەوەی، خۆپیشاندانەكان لە شەقامی عێراقی دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزتر بەرن. هاوكات بەپێی زانیارییەكان، لە زۆر لە شارەكانی عێراق، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ئامادەباشیدان و درك بە جموجۆڵی هێزە ئەمەریكییەكانیش دەكرێت، بەڵام ئامانجی جووڵەی هێزە ئەمەریكییەكان لەلای چاودێرانی سیاسی روون نییە، كە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەیە، یان ئامادەكارییە بۆ هەر ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی، كە ئەمەریكا بەشێكیان بە نزیك لە ئێران و دوژمن بە خۆی دەزانێت، ئەوانیش بەتایبەتی عەسائیبی ئەهلی حەق، هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئەمەریكایان لەناو خاكی عێراقدا كردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژنامەی (واڵ ستریت ژورناڵ)ی ئەمەریكی لە چەند رۆژی رابردوو رای گەیاندوە، ئەمەریكا چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك دەردەكات و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمەریكی چوونەتە دەوروبەری ئەو دوو پارێزگایە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، هێزەكانی ئەمەریكا هەموو هێزە چەكدارەكانی وەكوو حەشدی شەعبی ئاگادار كردووەتەوە ناوچەكە جێ بهێڵن. لەمبارەیەوە، سیاسەتوان، د. مەحموود عوسمان بۆ (باس) رای گەیاند، بەیەكدادانی چەكداڕی و شەڕی نێوان شیعەكان شتێكی پێشبینیكراوە و لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی سەر بە رەوتی حیكمە و عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەیەكدادان نزیك بوونەتەوە، گوتیشی: “مادام لە عێراق هێزی میلیشیایی و چەكداری هەیە، ئەوە هەموو كاتێك شەڕی چەكداری پێشبینیكراوە”.
جەختی لەوەش كردەوە، روونەدانی شەڕی نێوان ئەو گرووپانە، یان كۆنتڕۆڵكردنی شەڕ تەنیا لە دەسەڵاتی ئێران و مەرجەعیەتی شیعەكاندایە، لە دۆخێكدا شەڕ روو بدات، دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، لەبەرئەوە گرنگە ئێستا كۆنتڕۆڵ بكرێت، نەوەكوو لە كاتی شەڕ و بەیەكدادان.
لەبارەی جوڵەی هێزە ئەمریكیەكانیشەوە بەتایبەتی لە شارە سوننەنشینەكان، ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوە دا، سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق روون نییە و نازانرێ چ ئامانجێك لە پشتەوەی جوڵە پێكردنی هێزەكانیانەوەیە.
لای خۆشیانەوە، د. هاوار نێروەیی، شارەزا لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی، بۆ (باس) رای گەیاند، هەر لەدوای دروستبوونی حەشدی شەعبییەوە، پێشبینیی بەیەكدادان لەنێوان ئەو گرووپانەدا كراوە، چونكە هەر یەكەیان ئەجێندای جیاوازیان هەیە و لەناو ئەجێنداكانیشیاندا بیڕوڕای جیاوازیان هەڵگرتووە، گوتی: “ئەو گرووپانە تیایاندا هەیە سەر بە ئێرانە، هەیە نمچە ئێرانی و هەیە سعوودی و نیمچە سعوودی و توركی، تەنانەت ئەجێندای ئەمەریكیش بەسەریانەوە هەیە، ئەوە وای كردووە هەموو كات ناكۆكی بكەوێتە نێوانیانەوە”.
ئاماژەی بەوەش دا، هەردوو ڕەوتی حیكمە و عەسائیبی ئەهلی حەق، جیاوازیی زۆر لە بیروباوەڕەكەیاندا هەیە، عەسائیب بە تەواوی ئێرانییە و لەژێر كۆنتڕۆڵی شیعە توندڕەوەكاندایە، بەڵام هەرچی رەوتی حیكمەیە، خۆی بە هێزێكی میانڕەو دەزانێت، هەردوولاشیان هێزی چەكداریان هەیە، گوتی: “ئەو هێزانە لەدەرەوەی یاسا و حكوومەتدان و هەریەكەیان وەلایان بۆ سەركردەیەك هەیە، ئەو چ فەرمانێكیان پێ بكات جێبەجێی دەكەن، بەشێوەیەك دابەش بوونە بەسەر شارەكاندا و هەر یەكەیان شوێن و شارێك بە هی خۆی دەزانێت، لەبەرئەوە بەیەكدادانیان لە هەر ساتێكدا پێشبینیكراوە”.