محەمەد حەلبوسی پێچەوانەی جێگرەكەی لە بارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمركیا دەڵێت:” عێراق پێویستی بە هەوڵە سەربازیەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمركیا, رایگەیاندووە لە عێراق بە هێزەوە دەمێننەوە بۆ چاودێری كردنی جموجۆلەكانی ئێران, لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق كرا سەرە رای ئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندوە كە لە ئەمریكا قبوڵ ناكەین, دانیشتنەكە نەیتوانی رێژەی یاسایی تەواو بكات, لەبەرامبەردا محەمەد حەلبوسی رایگەیاندووە هێشتان عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەكانی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیە.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیكردەوە، عێراق هێشتا پێویستی بە هەوڵە سەربازییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانە، كە دوێنێ نیگەرانی خۆی لە لێدوانێكی ترەمپ نیشاندابوو و داوای كردبوو، لە یەكەم دانیشتنی وەرزی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، كار بۆ دانانی یاسایێك بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ نیازی وڵاتەكەی بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی لە عێراق بۆ چاودێریكردنی چالاكییەكانی ئێرانی راگەیاند.

حەلبووسی جەختیشی كردەوە، “عێراق هێشتا پێویستی بە هێزە سەربازییە بیانییەكانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەبێت‌ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت، كە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە رووی سەربازییەوە بە وڵاتەكەمانی داون”.

حەلبووسی گوتی: “پەرلەمانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كار بۆ زانینی ئاستی پێویستی عێراق بە هێزە بیانییەكان دەكات”.

شەوی رابردووش حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی وەڵامی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و هەڕەشەی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق كرد.

كەعبی لێدوانەكەی ترەمپی لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران شەرمەزار كرد و بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق ناویبرد، بە پێویستیشی زانی هەموو لایەك كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان جەختی كردەوە, لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان, كار بۆ دەركردنی یاسایەك بۆ كۆتاییهێنان بە رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمەریكا و دەركردنی سەرجەم هێزە بیانییەكان دەكەین.

ئێوارەی دوێنێش لە بەیاننامەیەكدا وتەبێژی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقیش وەڵامی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكای دایەوە و بە راگەیاندنێكی راشكاوانە بۆ داگیركردنی خاكی عێراق وەسفی كرد و گوتی: “ئامانج لە مانەوەی هێزی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی میحوەری بەرەنگارییە”.

دوێنێ لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی “سی بی ئێس نیوز”ـی ئەمەریكی ترەمپ ئاشكرایكرد، واشنتۆن بە نیاز نییە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە و گوتی: “ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی زۆر گەورەی لە عێراق هەیە، دەكەوێتە شوێنێكی زۆر نموونەیی بۆ بینین و چاودێریكردنی سەرانسەری ناوچە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئاماژەی بەوەشدا، “هێزەكانمان لە عێراق دەهێڵینەوە بۆ ئەوەی چاودێری چالاكییەكانی ئێران بكەن”.

Back to top button