رۆژ نوری شاوەیس: لە پێناو پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز پارتی نەرمی زۆری نواندووە
لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چەند جارێك سەردانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی كردووە, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت لە پێناو دروست كردنی حكوومەتێكی بەهێز نەرمی زۆرمان نواندووە.
رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامانجی پارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە زووترین كات و كۆبوونەوەشی لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە بەردەوامە.
رۆژ نووری شاوەیس گووتیشی: “پارتی هەوڵێكی زۆر بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەدات و نەرمییەكی زۆریش پیشاندەدات”.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر كورد حكوومەتێكی بەھێز لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دروست نەكات، پێگەی نێودەوڵەتی لاواز دەبێت و دیموكراسیەت و هەڵبژاردن هیچ بەهایەكی نامێنێت.
گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، بەردەوامە و تا ئێستاش پارتی لەگەڵ هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نزیكبووەتەوە، بۆ ئەوەی هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی داهاتوو بكێشن و لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، رێكبكەون.