ئه‌مریكا: هێزێكی زۆری به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌ سنووری عێراق جێگیر كرد

به‌رپرسانی سه‌ربازی و كارگێڕی له‌ پارێزگای ئه‌نباری ڕۆژئاوای عێراق ئاشكرایان كرد، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێزی زۆری پشتیوانی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، تا ئێسته‌یش هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكی له‌ ته‌نه‌ف نه‌زانراوه‌.

به‌رپرسانی كارگێڕی ناوچه‌كه‌ ئاشكرایان كرد، هێزه‌ پشتیوانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی گه‌وره‌ی سه‌ربازی پێكهاتووه‌، له‌ جۆری “هه‌مه‌ڕ و تۆپهاوێژ و چه‌كی قورس” سه‌رجه‌می ئه‌و هێزه‌ نوێیانه‌ له‌ ناوچه‌ی ته‌نه‌ف 490 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژئاوای شاری روومادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، شاره‌زایان هێمایان بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌، كه‌ ئامانج له‌ هێنانی ئه‌و هێزانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ بڕوای ئه‌وان بۆ پاراستنی سنووره‌كانی نێوان سووریا و عێراقه‌ له‌ دزه‌كردنی چه‌كداران، له‌ ته‌ك ئه‌وه‌یش به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ بۆردمانكردنی چه‌كداران له‌ ناو خاكی سووریا.

ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق له‌وباره‌وه‌ گوتی، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ” عه‌ین ئه‌سه‌د” هاتوون كه‌ له‌ شاره‌دێی به‌غدادی 90 كیۆمه‌تری رۆژئاوای روومادییه‌ و ئه‌وان به‌ ڕێی نێوده‌وڵه‌تی خێرایی گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌ی ته‌نه‌ف، تا ئێسته‌ به‌غدا و واشنتن هیچ لێدوانێكیان له‌سه‌ر ئه‌و جموجۆڵه‌ نوێیانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ڕانه‌گه‌یاندووه‌ و ئه‌مه‌ریكا به‌ گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازی له‌ عێراقه‌، به‌شێكیان ئه‌ركیان پاراستنی باڵوێزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كانی واشنتنه‌ له‌ عێراق و به‌شی تریشیان ئه‌ركیان مه‌شق و ڕاهێنانه‌ به‌ هێزه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر له‌ نوێ به‌هێزكردنه‌وه‌ و تۆكمه‌كردنه‌وه‌یان.

 

 

Back to top button