پارتی و گۆران لهسهر چۆنیهتی شهراكهت و كابینهی نۆیهم لێكنزیكن

ئهمڕۆ پێنجشهممه ۱٤ـی شوباتی ۲۰۱۹، كۆبونهوهی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دهستی پێكرد و دوای كۆتایهاتنی كۆبونهوهكه پارتی و گۆران ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد .
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند:” لەگەڵ برایانی بزوتنەوەی گۆڕان دانیشتنێکی باشمان کرد، پێشتر کۆمەڵێک بابەت و بیرۆکە ئامادە و گەڵاڵە کرابوون، ئەمڕۆ بە نزیکەیی لە کۆتایی هەموو ئەو بیرۆکانەدابووین، هەم لەسەر رێککەوتنی سیاسی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەم لەسەر چۆنێتی شەراکەت لە حکومەتی ئاییندە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی هەرەزۆری ئەو بابەتانەی باسمان کردن، کە بۆ کارنامەی کابینەی داهاتوو پێویستن زۆر لەیەکەوە نزیکین”.
گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی “ئەو خاڵانەی لەلای هەردوولامان گرنگە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و بژێوی خەڵک و چاکسازییەوە هەیە، خاڵی هاوبەشن. ئەوەی دەمێنێتەوە هەریەکە لای خۆمان راوێژێک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و خانەی راپەڕاندن بکرێت. دامان ناوە تاوەکو رۆژی شەممە جارێکی دیکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببینەوە”.
لای خۆیهوه ئاراس وەلی، ئەندامی شاندی دانوستاندکاری گۆڕان ڕایگهیاند: “کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و جیدیمان کرد. ئەو تەوارانەی باسمان کردن لە مەسەلەی پێکهێنانی حکوومەت و رێککەوتنی سیاسیمان و چ جۆرە حکومەتێک بێت. بەڕای ئێمە پرسی چاکسازی لە هەموو جومگەکانی حکومەتدا بکرێت، برادەرانی پارتی لەگەڵ هیچ خاڵێکدا لەگەڵ ئێمە ناکۆکیان نەبوو”.
ئەندامهكهی شاندی دانوستاندکاری گۆڕان دهشلێت:” سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و هەنگاوی زۆر باشترمان ناوە، لەگەڵ ئەوەش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی راوێژ بکەین، هیوادارم لەم هەفتەیە موژدەی خۆش بە خەڵک بدەین”.
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، هاوكات ئەندامانی شاندەكەش بریتی بوون لە هەریەكە، لە مەحموود محەمەد، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینكی، رەمزی شەعبان، دڵشاد شەهاب.
شاندی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە سەرۆكایەتیی جەلال جەوهەر، هەرەوەها ئەندامانی لیژنەكەش لە هەر یەكە لە مستەفای سەید قادر، جەمال حاجی محەمەد، ئاواتی شێخ جەناب، دكتۆر رەئووف عوسمان، ئاراس وەلی پێكهاتبوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، كە بووە خاوەنی ٤٥ كورسیی پەرلەمانی، لەگەڵ هەر یەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكانی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دابێت بەردەوامن.