جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: داعش لە سوریاوە دزەی كردۆتەوە ناو خاكی عێراق, رفاندی هاوڵاتیان زیادی كردووە

 

لەگەڵ ئەوەی داعش لە دواهەمین مۆلگەیان لە سوریا دەورە دراوە بەڵام لە عێراق جموجۆلیان زیادی كردووە, بەر پرسێكی پەرلەمانی عێراقیش ئاشكرای دەكات كەكە رفاندنی هاووڵاتییان لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە زیادی كردووە.
حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، چەكدارانی داعش جارێكی دیكە لە سووریاوە دزەیان كردووەتە ناو خاكی عێراق.

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، دیاردەی رفاندنی هاووڵاتییان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە زیادی كردووە و داوای لە هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق كردووە بە زووترین كات پلانی رزگاركردنی رفێندراوەكان و دەستگیركردنی ئەو چەكدارانەی داعش، دابڕێژن.

هەرچەندە حەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق (2014- 2018) لە مانگی 12ـی 2017 كۆتایی پێهێنانی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام چەكدارانی ئەو رێكخراوە بەردەوام لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق كردەی تیرۆریستی، رفاندن، كوشتن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن.

پێشتریش لە مانگی 6ـی 2014، نزیكەی دوو هەزار چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان كردە ناو خاكی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێكدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر كرد.

Back to top button