زانیارە نوێ‌ لە بارەی سێ‌ موچەی فەرمانبەران

 

دوای ئەوەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتن لە بارەی چەند كێشەیەكی نێوانیان, بە تایبەت پرسی مووچەو هەناردەكردنی نەوت, وەزارەتی دارایی ھەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی عێراق دەكات, مووچەی ٣ مانگی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بەیەكەوە رەوانە بكات، بەڵام تائێستا حكوومەتی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو داواكاریەی وەزارەتی دارایی هەرێمی نەداوەتەوە.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە”بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە، نەك تەنیا مووچەی ئەو 3 مانگە، بەڵكو 2 مانگی دیكەی ساڵی 2017ـی فەرمانگە فیدراڵییەكانیش هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیداین، بەڵام بەپێی زانیارییەكانمان بەغدا ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت”.

لەكاتێكدا حكوومەتی عێراق مانگانە بڕی ٣١٧ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكات و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لەگەڵ داھاتی نەوت و ناوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی لێ دابین دەكات، بەڵام وەزارەتی دارایی كوردستان دەیەوێت بەغدا مووچەی ٣ مانگی فەرمانبەران بەیەكەوە رەوانە بكات, بۆ ئەوەی قەرزی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە.

دانا شەھید جەزا, پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: “لەكاتێكدا رێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لە مانگی 4 كراوە و مانگەكانی 1 و 2 و 3ی تێدا نەبوو، بەڵام هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو 3 مانگەش بكرێت، چونكە ئەگەر رێككەوتن كرا پێویستە هەموو ساڵەكە بگرێتەوە و نابێت 3 مانگی لێ دەربكرێت و 9 مانگیش بگرێتەوە”.

بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق، دەبێت ھەرێمی كوردستان٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی كۆمانیای سۆمۆ بكات، لە بەرامبەردا حكوومەتی عێراق بڕی ١٠ ترلیۆن و ٨٨٠ ملیۆن دینار بۆ ھەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەڵام لە ئەگەری پابەند نەبوونی ھەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق تەنیا ٥٥٢ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە دەكات.

Back to top button