سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نامەیەكی بەشار ئەسەد ئاشكرا دەكات كە بە لێنی لە ناو بردنی كوردی بە توركیا داوە

 

دوای ئەوەی داعش لە هەموو ئەو ناوچانەی كە لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا بە دەستەیەوە بوون پاشەكشەی كرد, سوپای سوریا گەڕایەوە زۆربەی ئەو ناوچانەی كە تەنانەت پێشوتر هێزە كوردیەكان چەند كانتۆنێكیان لەسەر دامەزراندبوون, سەركردەیەكی سوپای سووریای ئازاد (ئۆپۆزیسیۆنی سووریا) پیلانێكی مەترسیداری سەرۆكی رژێمی سووریا لە دژی رۆژئاوای كوردستان، ئاشكرا دەكات.

مستەفا سیجری، سەركردەیەكی سوپای ئازاد لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)، نهێنیی هەوڵی رێككەوتنی رژێمی سووریا لەگەڵ هەریەكە لە قەتەر و توركیای بڵاو كردووەتەوە.

مستەفا سیجری ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئێران نێوەندگیری لەنێوان رژێمی سووریا و هەردوو وڵاتی قەتەر و توركیا كردووە بۆ ئەوەی رژێمی سووریاش بخاتە بەرەی (قەتەر، توركیا و ئێران) دژی سعودیە و ئیمارات، ”ئەگەر بە ئاشكراش نەبێت“.

هەروەك ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بڵاوی كردووەتەوە، بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمی سووریا پەیامێكی بۆ توركیا ناردووە و تێیدا چەند بەڵێنێكی بە توركیا داوە، كە بریتین لە؛

– لەناوبردنی دەسەڵاتی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان.

– پاراستنی سنووری نێوان سووریا و توركیا.

– شەرعیەتدان بە داگیركاریی عەفرین لەلایەن سوپای توركیاوە.

-پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی توركیا.

– رادەستكردنی ئەو كەسانەی توركیا داوای كردوون و لە سووریان.

– پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی توركیا لەناو خاكی سووریا.

– قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری كوژراوانی رەیحانییە

رۆژی 11-5-2013، سێ ئۆتۆمبێل لە شارۆچكەی رەیحانیە لە پارێزگای هاتای تەقینەوە و توركیا گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بە تەقینەوەكان تۆمەتبار كرد، كە بوونە هۆی كوژران و برینداربوونی زیاتر لە 150 كەس.

لەبارەی رێككەوتنی رژێمی سووریا و قەتەر، مستەفا سیجری رایگەیاندووە، بەشار ئەسەد لە پەیامێكیدا بۆ قەتەر، بەڵێنی پێدانی زانیاری لەبارەی تێوەگلانی سعودیە و ئیمارات لە تیرۆر و هاوكاریكردنی قەتەر لە رووخاندنی سیستەمی حوكمڕانی لەو دوو وڵاتە، داوە.

سەرۆكی رژێمی سووریا هەروەها بەڵێنی داوە هەموو ئەو ڤیدیۆ و فایلانە بداتە قەتەر، كە تێیاندا بەرپرسانی سعودی و ئیماراتی ”كاری دوور لە ئەخلاق و پەیوەندیی ناشەرعی، ئەنجام دەدەن“.

ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاماژەی بەوەش كردووە، قەتەر دەسپێشخەرییەكەی رەت كردووەتەوە و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاش دەستپێشخەرییەكەی رەت كردووەتەوە و سوربوونی وڵاتەكەی لەسەر لادانی بەشار ئەسەد لە سەرۆكایەتیی سووریا، كردووەتەوە.

Back to top button