بۆ بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، شاندێكی بەلجیكا دەگاتە ھەولێر

ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەبەردەم پێشڤەچوونێکی بەرچاودایە و بەرپرسێکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانیش دەڵێ، وڵاتانی ئەورووپا بڕیارن داوە کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن و حەفتەی داھاتووش شاندێکی گرینگی بەلجیکا دەگاتە شاری ھەولێر.

گەیلان حاجی سەعید، ئەندامی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان ئاشکرای کرد: “قەبارەی ھەناردە و ھاوردەکردن بەرەو ھەڵکشانە، بەتایبەتی دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکەین جووڵەی بازرگانیی ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە بکات و بە ساڵانی ڕابردوو بەراورد ناکرێت.”

بەرپرسەکەی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران دەڵێت: “لە حەفتەی ڕابردووەوە بازاڕی ھەموو بوارەکان جووڵەی تێ کەوتووە، بڕیاری حکوومەت و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان.”

گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای بیانی لە ماوەکانی ڕابردوودا بڕیاریان دا بێنە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان و کەرتی بازرگانی، بەتایبەتی ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی ڕەزامەندییان نیشان داوە کە کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن.”

حاجی سەعید گوتی: “بڕیارە حەفتەی دابێ شاندێکی بازرگانانیی بەلجیکا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و بازرگانان باسی پلان بۆ بەشداریی بەلجیکا لە کەرتی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، کە شاندێکی گرینگ و گەورەی بازرگانییە و جێگەیان دیار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان.”

 

KDP info

Back to top button