ئاڵا تاڵەبانی مالیكی پیاوێكی گەورەیە و پارتیش وەڵامی دەداتەوە

خواكوڕك
 
لەمیانی دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی ئێن ئارتی عەرەبی نزیك لە مالیكی ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەلێت حشدی شەعبی هێزێكی زۆر قارەمانە و بەرگری لە خاكی عێراق كردووە و خوێنی زۆری داوەو لە پەرلەمانی عێراق یاسایەك بۆ حشدی شەعبی دەردەكەین و دەیخەینە سەر جەیشی عێراق و دەلێت چونكە حشدی شەعبی بە بڕیاری مەرجەع دروست كراوە.
 
هەروەها ئاڵا تاڵەبانی پیا هەڵدان بۆ مالیكی دەكات و دەلێت بەرێز مالیكی پیاوێكی گەورەیە و كورد هەرگیز حەساسیەتی لەگەڵ بەرێز مالیكی نیە، مالیكی جێگری سەرۆك كۆمارە و سەرۆكی حزبی دەعوەیە، ئاساییە ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ هەبێت و لە هەڵوێستە نیشتمانیەكانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق پێكەوە بین لەگەڵ كوتلەكەی مالیكی.
 
هەر لە درێژەی دیمانەكەی ئاڵا تاڵەبانی دەلێت پارتی داوای لێكردووم حەنان فەتڵاوی بهێنمە هەولێر و بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەن،
 
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی دا ئەندام پەرلەمانێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا بەخواكوڕكی راگەیاند ئێمە تەحدای فەتلاویەكان و مالیكیە كان دەكەین لەوەی یەك بەڵگە بهێنەوە كە پارتی داوای لە ئاڵا تاڵەبانی كردبێت فەتڵاوی بهێنێتە هەولێر و ئاڵا تاڵەبانی راسپێرێت، نازانین ئاڵاتاڵەبانی بۆ وا كەوتۆتە سەنگەری دژە كوردستان و پێشمەرگە بەراستی دیارە ئەو سەنگەرە پارەی زۆری تێدایە، بۆیە بەرۆژی رووناك درۆ دەكات و بەشانازیەوە، پیا هەڵدانی بەحشدی شەعبی و مالیكی و حەنان فەتلاوی دژە كوردە و مووچە بڕی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات.
 
ئەو ئەندام پەرلەمانتارەی پارتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، دەلێـت لەچەندین دیمانەیەكدا حەنان فەتڵاوی خۆی دەلێت رێگا بەمن نادرێت بچم بۆ هەولێر جا نازانن، ئەو درۆیەی ئاڵاتاڵەبانی چەندی پارە تێدابووە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت هەر كەسێك بهێنن بۆ هەولێر زیاتر لە یەكێتی و فراكسیۆنەكەی ئاڵا تاڵەبانی ئەندام پەرلەمانمان لە بەغدایە هەیە و لەرێگای ئەوانەوە ئەوە دەكەین نەك لەرێگای كەسێك كە سەنگەری دژە پێشمەرگە و كوردستانی هەڵبژاردووە تەنها لەبەر دوو قورش ئامادەیە پیاهەڵدان بە بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیش بكات بۆیە نەك هەولێر و دهۆك لە حەنان فەتڵاوی قەدەغەیە بەڵكو كەركووكیش لێ قەدەغەیە.
 
 
Back to top button