وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ بۆ 18 ھەزار ئۆتۆمبێل دەردەكات

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رێنمایی نوێ بۆ 18 ھەزار ئۆتۆمبێلی حكومی دەردەكات و 500 ئۆتۆمبێلی دیكەی حكوومەت دەفرۆشرێنەوە.

سامی جەلال، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “رێنمایی نوێ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرچووە كە حكوومەتی ھەرێم سوودیان لێوەرناگرێت، تائێستا كارمان لەسەر 500 ئۆتۆمبێل كردووە، كە بەھیچ شێوەیەك حكوومەت سوودیان لێوەرناگرێت و مەسروفاتیان زۆرە”.

روونیكردەوە: “ژمارەیەك لەو ئۆتۆمبێلانە یان فرۆشراون بەو فەرمانبەرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لایە، یان لە رێگەی ئەو لیژنەیەی پێكھێنراوە بە شێوەی موزایەدە دەفرۆشرێنەوە”.

گوتیشی: “بابەتێكی دیكە رێكخستنی سوتەمەنییە بۆ ئۆتۆمبێلە حكومییەكان، بۆ ئەمەش سیستمێكی ئەلیكترۆنیمان پەیڕەو كردووە، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێك كارتی ئەلیكترۆنی دروست دەكرێت و بڕی پێویست دیاركراوە و ھیچ ئۆتۆمبێلێك ناتوانێ لەجیاتی ئەوی دیكە بچێتە بەنزینخانە و بەنزین وەربگرێت”.

سامی جەلال، راشیگەیاند: “ئێستا 18 ھەزار ئۆتۆمبێلی حكوومەت ھەیە و لۆگۆ لە دەرگای ئۆتۆمبێلەكان دەدرێت و بە ھیچ شێوەیەك نابێ لێ بكرێتەوە. ئەگەر تا 31/5/2019 ھەر ئۆتۆمبێلێكی حكومی نوسراوەكانیان ئاراستەی لیژنەی باڵا نەكرێت، بۆ دیاركردنی بڕی سوتەمەنی پێویست، گشت خەرجییەكانیان رادەگیرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا: “یەكێكی دیكە لە بابەتە گرنگەكان مامەڵە كردنە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاری دوای دەوام، لەمەودوا ئۆتۆمبێلەكان لە گۆڕەپانێك رادەگیرێن و كاتی ھاتن و چوونیان دەنوسرێت”.

باسی لەوەشكرد: “ھەر بەپێی رێنماییە نوێیەكان موەلیدەكانی دامودەزگاكانی حكوومەت بەكاردەھێندرێن و بڕی سوتەمەنی پێویستیش دیار دەكرێت”.

Back to top button