پەرلەمانتارێكی عێراق: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوادەخرێت, پارتیش بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات لە كەركووك

 

لەگەڵ ئەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراقدا لە كاتی یاسایی خۆیدا تێپەڕیوە لە ئێستادا مشتومڕێكی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی عێراق هەیە لەسەر دیاری كردنی وادەی سازدانی هەڵبژاردن, پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوادەخرێت، ئەوەش دەڵێت: “ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت بەهیچ شێوەیەك لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردن ناكەین”.

رێبوار هادی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بە گوێرەی مادەی 44 لە یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 2018 دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بە رێككەوتن دەبێت لە نێوان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، بۆ ئەوەش رێككەوتنیان كردووە لە رۆژی 16-11-2019 هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدرێت بەڵام بەمەرجێك لە مانگی 4ی 2019 هەمواری یاسای ژمارە 12 بكرێت، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی پێشنیارەكان و كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران و چەند هۆكارێكی دیكە بووەتە هۆكاری دواكەوتنی هەمواری یاساكەو تائێستاش هەمواری كۆتاییمان لە حكومەتەوە بەدەستنەگەیشتووەو پێی ناچێت تاوەكو مانگی حوزەیرانیش هەمواری یاساكە بكرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەو هۆكارانە بووەتە حەقیقەتێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام كەی دەكرێت؟ ئەوە دەبێت سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بڕیاری لەبارەوە بدەن.
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گوتیشی: “بەدڵنیاییەوە نەخێر، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تۆماری دەنگدەران لەكەركوك پاكبكرێتەوە ئەوە نەكراوە، دواتر ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كەركوك بەداگیر كراو دەزانین بارەگاكانمان بارەگای پارتی كە حزبێكین مۆڵەتی فەرمیمان لەلایەن حكومەتی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق هەیە، داگیر كراوەو بەوهۆیەوە بەشدار نابین لە هیچ هەڵبژاردنێكی ئەو پارێزگایەو پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوەو سەرژمێری بكرێت و دواتر دەنگدان بكرێت ئەوكات ئێمە بەشدار دەبین لە هەڵبژاردن لە كەركوك”.

Back to top button