عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران بزانن شەڕەكە لە كوێ‌ روودەدات

 

لەگەڵ زیاد بوونی گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ئێستادا ئەگەرەكانی رووبەروو بوونەوەی سەربازی لە ئاراداهەیە, بەرپرسێكی هۆزە عەرەبەكانی عیراق رایدەگەێنێت “ئەمریكا ٥٠ هەزار سەربازی لە عیراق جێگیركردووە و ئێرانیش موشەكی بالیستی داوە بە حەشدی شەعبی”.

مزاحم ئەحمەد حوێت وتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لەناوچە جێناكۆكان بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاندوە “ئێران چەكی زۆری گەیاندووەتە حەشدی شەعبی لە عێراق بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە و ئەمریكا لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی لە سەربازگەكانی عێراق جێگیركردووە و زانیاری پشتڕاستكراویشمان هەیە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیكەی ١٠٠ هەزار سەرباز و راوێژكاری دیكە رەوانەی عێراق دەكات، ئامانج لە كۆكردنەوە و جێگیركردنی سەربازەكان هێرشكردنە بۆسەر ئێران”.

مزاحم ئەحمەد حوێت ئاماژەی بەوەداوە “ئەو هێزەی ئەمریكا بە چەك و كەرەستەیەكی سەربازی زۆرەوە لە عێراق جێگیركراوە، هەرچەند عێراق وەها خۆی نیشان دەدات كە بێلایەن بێت لە نێوان ململانێ و شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام عێراق بەشێكی گەورەی هاوكێشە سەربازی و سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەبێت”.

وتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان باسی لە هەنگاوەكانی ئێران لە عێراق دژبە ئەمریكا دەكات و وتویەتی “ئێرانیش ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر لە موشەكی بالیستیكی ئێران رادەستی حەشدی شەعبی لە عێراق كراوە تاوەكو بنكە و بارەگای هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق پێ بكرێتە ئامانج”.

حوێت ئەوەشی وتوە “گەیاندن و دابەشكردنی مووشەكی بالیستیكی و جۆرەها چەك لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەژێر چاودێری قاسم سولەیمانی بووە كە ئێستا لە عێراقە و سەرقاڵی یەكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە و حەشدی شەعبییە دژبە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش لە كۆبوونەوەی بەردەوامدایە”.

ئەو بەرپرسەی هۆزەكانی ناوچە جێناكۆكانە وتوشیەتی “ئێران دەیەوێت چەند بنكە و بارەگا و كاروانێكی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج، بە مەبەستی كەمكردنەوەی فشارە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كە رەنگە ئەمە دەرگای جەنگێكی گەورە و خوێناوی بكاتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەیش كاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت و ناوچە سوننە نشینەكانیش زیانمەند دەبن”.

Back to top button