كەمال كەركووكی: تەنها جێبەجێكردنی ماددەی 140 چارەسەری كێشەی زەوی و زارەكانی كەركووك چارەسەردەكات

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان بەرەو ئالۆزی زیاتر چوو, داعش چالاكیەكانی زیاتر بوو, سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی ڕای دەگەیەنێت، بارودۆخی ئەمنیی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێكی ترسناكەوە.

د. كەمال كەركووكی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك – گەرمیانی پارتی بە ڕاگەیاند: “بۆ چاككردنی بارودۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان تەنیا ڕێگەی چارەسەر جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ بۆ ئەوەی زوو ڕێگری لەم كارانە بكرێت، چونكە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە گۆڕانكارییەكی ترسناك بەسەر ئەو ناوچانە ھاتووە و دەبێ ئاسایی بكرێنەوە”.

 

ھاوكات ئاماژەی بەوەش دا: “شاندەكانی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كار دەكەن، بۆ ئەوەی لەسەر بابەتێك ڕێك بكەون و داوا لە حكوومەتی فیدراڵ بكەن ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، چونكە ئەمڕۆ دەبینین بەرھەمی جووتیارەكان لە خانەقین دەسووتێنرێ و ڕۆژانە كاری تیرۆریستی دژ بە كورد ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا لە كەركووك و قەزا و ناحییەكانی كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و زەویی كشتووكاڵی و ماڵی كورد داگیر دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیرۆریستانی داعش سەرانە لە دانیشتوانی ناوچەكە وەردەگرن، بەتایبەت لە ناوچەكانی حەویجە و ڕیاز و عەباسی و زاب و ڕەشاد و شوێنەكانی دیكە”.

كەمال كەركووكی ڕوونییش كردەوە: “بارودۆخەكە چووەتە قۆناغێكی ترسناكەوە و دەبێ بە چارەسەرێكی كردەیی كاری بۆ بكەن، ئەویش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت زیاتر جدی بێت و پەلە بكەن و پابەندی دەستوور بن”.

Back to top button