نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوكردەوە
كەمێك پێش ئێستە نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و سوپاسی پەرلەمانی كوردستانی كرد، هاووڵاتیانی كوردستانیشی دڵنیا كردووەتەوە سەرۆكایەتی هەرێم دەكەنە چەتری یەكڕیزی.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە “وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز، کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئاینیەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا”.
هەروەها دەڵێ “کوردستانیانی خۆشەویست، ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگه، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی”.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە “هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک. بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت”.