گۆڕان: یەكیتی ئەجێندای وڵاتێكی دیكە جێبەجێدەكات بۆیە دەیەوێت پرۆسەی سیاسی وڵات دوابخات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژردا, یەكیتی نیشتمانی وێڕای دوو رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت و هاوبەشی كردنی, ئەمڕۆ جارێكی دیكە پشتی لە رێككەوتنەكە كرد, بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد, ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە كە هۆكاری پێداگرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دواخستنی پێكهێنانی حكوومەت، بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای ”وڵاتێكی دیاریكراو“ دەگەڕێتەوە.
چالاكی موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕیاگەیاند: “بزووتنەوەی گۆڕان، وەكوو لایەنێكی سیاسی، بۆ بەشداری كردن لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كاتێك ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، ئێمە باكمان بەوە نییە خەڵكی پێمان بڵێت، دەنگتان بە سەرۆكی ھەرێم داوە، ئێمە گوێ بەو قسانە نادەین و ئەتەكێتی سیاسەت دەپارێزین، بێگومان ئێمە كاتێك ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی كردووە و ئەو حزبە دەنگ بە وەزیرەكانی ئێمە دەدات، ئێمەش دەنگ بە كاندیدەكانی ئەوان دەدەین“.
جەختیشی كردەوە، ”یەكێتی بە ئەجێندای دەوڵەتێكی ئیقلیمی كاردەكات، ڕەنگە ئەو دەوڵەتە بە یەكێتی گوتبێت كە ئاستەنگ بۆ پێكھێنانی كابینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان درووست بكەن، چونكە ئەمریكا ھەوڵی ئەوە دەدات حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق بەزوویی پێك بهێندرێت، بەڵام بەھۆی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە كە ئێستا ئێران دژی ئەجێندای ئەمریكا كاردەكات، دەوڵەتی ئێران حەزناكات ئەمریكا لە بەرنامە سیاسییەكەی خۆی لە عێراقدا سەركەوتوو بێت“.
چالاكی موهەندیس پێیوایە كە بەشێك لە هۆكارەكانی پێداگریی یەكێتی لەسەر دواخستنی حكوومەت، ”رەنگە“ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە یەكێتی چاوی لەوە بێت، پۆستی زیاتر وەربگرێت، بەڵام ”كێشەكە ئەوەیە یەكێتی سەربەخۆبوونی سیاسیی خۆی لە دەستداوە و بڕیاردەری نەماوە، چونكە لەناو ئەو حزبەدا چەند باڵێكی جیاواز ھەیە، دژی یەكتری كار دەكەن، ھەروەھا لەنێوان خۆیاندا لەسەر پلە و پۆست كێشەی زۆر گەورەیان ھەیە، بۆیە كێشەكانی خۆیان وای لە یەكێتی كردووە، نەتوانن لەسەر پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێك بكەون، بەڵام لە ھەمان كاتدا یەكێتی كاریگەی دەستی دەرەكیشی لەسەرە“.
هەروەها لەلایەن خۆیەوە جەلال محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان, ڕاگەیاند: “ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە پرۆسەی دەنگدانی شەفافدا تێپەڕیوە و پێشتر بزووتنەوەكە جەختی لەوە دەكردەوە كە دەبێ سەرۆكی ھەرێم لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت، بۆیە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كە حزبەكەمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی داوە، فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی دا بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان“.
لەبارەی پاشگەزبوونەوەی یەكێتیش لە ڕێككەوتنەكەی، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕای گەیاند: ”ئێمە حەزمان نەدەكرد ئەو دۆخە ڕووبدات و یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەڵام بایكۆتی یەكێتی لەو دانیشتنە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نەبووە، بۆیە تەمەنا دەكەین ئەوە دوا وێستگەی ناكۆكییەكان بێت“.