مەسرور بارزانی و شاندێكی باڵای ئهمهریكی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ دووشەممە 24/6/2019، مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاندرۆ پیک، جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و شاندێكی یاوهری، پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ كرد.
لە دیدارێکدا، کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەبوون، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە و لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینە بۆ متمانە وەرگرتن و سوێند خواردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.
هەروەها ئاماژە بە رەوش و پرۆسەی سیاسی لەعێراق درا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەچوارچێوەی دەستوور کرایەوە.
لەلای خۆیەوە جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا.