ترەمپ باس لە دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات لەکاتی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران
ترەمپ : سەرەڕای بەرهەڵستکاری دیموکراتەکان دەڵێت لە توانایی یاسایی خۆمدا هەیە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی کۆنگرە هێرش بکەمە سەر ئێران .
” جیمز مەک گاورن ” نوێنەری دیموکراتەکان لە کۆنگرە و بەرپرسی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە یاساکانی کۆنگرە، لە گەڵ گرووپێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی دیموکراتەکان ، ڕۆژی سێشەممە بە سازدانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پێش باڵاخانەی کۆنگرە ڕایانگەیاند ئەوان بە تەمای دامەزراندنی فراکسیۆنێکی تازەن بە ناوی ( نابۆشەڕ لە گەڵ ئێران )
بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمریکا ، لە سەرەتای دەستپێکی ڕاگەیاندنی ئەم فراکسیۆنە بەشێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی تەیدا بەشدار بوون .
مەک گاورن لەم کۆنفرانسەدا گووتی : سەرۆک کۆمار ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرە هێرش بکاتە سەر ئێران ، ئەوە یاسایە ، یاسای ئەمریکا .
ئەوە لە کاتێکدایە ترەمپ ڕۆژی دووشەممەبە ڕۆژنامەی ” دی هیل “ی ڕایگەیاند ، ئەو دەسەڵاتەی هەیە بە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی کۆنگرە هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێبکات ، هەر چەند گوتیشی ئێمە بەردەوام ڕاپۆرتی خۆمان لەم بارەوە داوەتەوە کۆنگرە ، واش بیر دەکەمەوە ئەوان سپاسگوزاری ئەو کارەن .