پەرلەمانتارێكی عێراق پرۆژەی رادەست كردنی نەوتی كەركووك گەمەیەكی سیاسیە
خواكوڕك
ئەندام پەرلەمانێكی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەلێت پێشنیاری رادەست كردنی نەوتی كەركووك بۆ موزایەدەی سیاسییە و لەو پێشنیازەشیاندا بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاونەتەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و ئەو کارەشیان لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە.
ئەردەڵان نوورەدین ئەندام پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە کۆمەڵێک فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا پێشنیازیان کردووە کە نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئایە هەرێم رازییە یان نا، بۆیە ئەو جۆرە کارە و پێشنیازە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە گەمەیەكی سیاسی و مزایەدەیە.
دەشڵێ، ئەو پێشنیازە لە لایەن هەندێ پەرلەمانتار بۆ مزایەدەی سیاسییانە و تەنیا بۆ ئەوەیانە کە بڵێن ئێمە کار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، کەچی باشدەزانن کە بەغدا گوتوویەتی کە تەنیا مووچەی ٦٠٠ هەزار فەرمانبەر دەدەین ئەگەر نەوتی هەموو کوردستانیش رادەستیان بکرێ، بۆیە دەبوو بیرلەوە بکەنەوە کە هەرێم ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار مووچە خۆری هەیە.