رێبوار هادی: لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵامان تۆمار كردووه
پهرلهمانی عێراق رۆژی 22-7-2019 هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد و بەپێی ماددەی 16ـش، ئەو ئاوارانەی لە پارێزگاكانی خۆیان نین، ناتوانن دەنگ بدەن، سەرۆكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار كراوە و دەبێ ئەو ماددەیە هەڵبوەشێنرێتەوە.
رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی له پهرلهمانی عێراق رایگەیاند: ماددە 16 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پێچەوانەی ماددەی 20ی دەستووری عێراقە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیانی عێراقی بێبەش دەكرێن لە دەنگدان، چونكە بەپێی ماددەی 16، ئەو ئاوارانەی لە دهۆك و هەولێر و سلێمانین یاخود ئەوانەی لە شارەكانی خۆیان نین و ناتوانن بگەڕێنەوە شارەكانیان بە هۆی ئەو باردۆخەی بەسەر عێراقدا هات، لە دەنگدان بێبەش دەكرێن”.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی له پهرلهمانی عێراق دەشڵێت: وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگمان بەو ماددەیە نەداوە و ناڕازیبوونی خۆمان دەربڕیوە، هەروەها لە دادگای فیدڕاڵییش سكاڵامان تۆمار كردووە لەسەر ئەو بابەتە، بۆیه زۆربەی لایەنەكان لە روانگەی بەرژەوەندیی حیزبییەوە تەماشای بابەتەكە دەكەن نەك لە روانگەی هاووڵاتیبوونی عێراقی و دەستوورییەوە، چونكە تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان، نایاسایی بوو كە پێشتر باس نەكرابوو و هەروەها لە پڕۆژەیاساكەشدا نەهاتبوو، بەڵكوو لەناو هۆڵی پەرلەمان زیاد كرا، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پێچەوانە و دژی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە.