محەمەدی حاجی مەحمود : دهبێ حزبەکان خۆیان کاك مەسعود بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی سیاسی راسپێرن
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان داوای دامەزراندنی ئەنجومەنێکی راوێژکاری بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، دەبێ حزبەکان خۆیان کاك مەسعود بۆ سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجومەنە راسپێرن.
محەمەدی حاجی مەحمود (کاکەحەمە)، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (دەنگی ئەمریکا)، بە پێویستی دەزانێ ئەنجومەنێکی راوێژکاریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێ، کە هەموو حزبەکانی کوردستان، لەخۆ بگرێت، هۆکاری دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەی بۆ بەشداریکردنی هەموو حزبەکان لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە، چونکە چەندین حزب هەن نە بەشداری پەرلەمانن و نە حکوومەت.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، ”پێموایە دەبێ حزبەکان خۆیان پێشنیار بکەن و داوا لە کاک مەسعود بکەن بۆ سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجومەنە“، چونکە سەرۆك بارزانی ”کەسایەتییەکی دیار و ناسراوە“ و خاوەن پێگەیە.
محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەرچی ئێستا سەرۆك بارزانی هیچ پۆستێکی فەرمی نییە، بەڵام هەموو شاندە بیانییەکان بۆ کوردستان بەبێ دیدار و وەرگرتنی رای ئەو لەسەر پرسە جیاوازەکانی کوردستان، ناگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە، سەرۆك بارزانی پێویستی بە پۆست نییە، بەڵام کورد بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی سیاسی یان راوێژکاری، پێویستیی بە کەسایەتیی سەرۆك بارزانییە.