نوێنەری پارتی له رووسیا : مانگی داھاتوو وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە
نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووسیا رایگەیاند، مانگی داھاتوو وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە.
دكتۆر خۆشەوی مەلا ئیبراھیم نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووسیا رایگەیاند، بڕیارە مانگی داھاتوو، ٧ی١٠ی٢٠١٩، بە سەردانێكی فەرمی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، سەردانی عێراق و كوردستان بكات و لە سەردانەكەیشیدا لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
خۆشەوی ئاماژە بەوە دەكات، رووسیا پەیوەندییەكی مێژوویی لەگەڵ كوردستاندا ھەیە، كە ئامانجی سەرەكیی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا بۆ پەیوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.
نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە وڵاتی رووسیا راشیگەیاند، لەو سەردانەیدا بۆ ھەولێر، وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.