سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى یۆنان کرد
بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکان و کەشى ئەرێنیى نێوان هەولێر و بەغداى بە زەمینە و دەرفەتێکى باش بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە قەڵەم دا و ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاریى کەرتى تایبەتى یۆنانى لە هەرێمى کورستان نیشان دا، هەروەها ڕۆڵى کەرتى تایبەتى بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکان بە گرنگ زانى.
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 30/9/2019 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز یۆنیدۆس كۆنتۆڤۆنیسیۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ یۆنان کردەوە و سوپاسى کونسلخانەى گشتیى یۆنانى لە هەولێر کرد کە ڕۆڵێکى دیارى لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکاندا هەیە. لاى خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزى یۆنانیش هەمان خواستى وڵاتەکەى دووپات کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا سەردانى چاوەڕوانکراوى وەزیرى دەرەوەى یۆنانى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە یاوەریى شاندێکى ئابوورى و بازرگانى، گرنگیى بوونى گەشتیى ڕاستەوخۆى ئاسمانى لەنێوان هەولێر و ئاتینا، پەیوەندى و گفتوگۆکانى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و دۆخى عێراق و ناوچەکەیان بەگشتى تاوتوێ کرد.