مه‌سرور بارزانی: ئیدارەی نوێی ئەمریكا پشتگیری لە مافی گەلی كورد دەكەن

خواكوڕك
له‌ ئێستادا مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان به‌یاوه‌ری شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆنه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چه‌ند دیدارێك له‌ نێوان ئیداره‌ی كۆن و نوێی ئه‌مریكا.

بارزانی له‌ كۆتایی گه‌شته‌كه‌یدا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا و رایگه‌یاند، “ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی سوپاسی ئەم ئیدارەیەی ئێستا بکەین، بۆ ئەو هاوکاریانەی پێشەکەشی گەلی کورد و بەتایبەتی پێشمەرگەیان کردووە، ئەو پشتگیرییەی کردیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش”.

مەسرور بارزانی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانیه‌كه‌دا رایگەیاند”ئەگەر بەغدا بیانەوێت بەردەوام بن لەسەر ئەوەی رۆڵی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە نادیدە بگرن، ئێمەش بە دڵنیاییەوە هەڵوێستمان دەبێت”.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا بارزانی ده‌ڵێت، “ئێمە نامانەوێت بەردەوام لەم دڵەڕاوكێیەدا بژین، نامانەوێت تەنیا پشت بە تاكە كەس ببەستین كە حكومیان بەدەستەوەیە، ئێمە دەمانەوێت میكانیزمێك هەبێت كە داهاتووی كوردستان مسۆگەر بكات، لە ئەمن و ئاسایشی گەلی خۆمان و وڵاتی خۆمان دڵنیا بین، ئەم باسانەمان كردووە كە پشتگیری ئێمە بكەن لەو گفتوگۆیانەی كە ئێستا بەردەوامە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئێستای بەغدا”.

مەسرور بارزانی ده‌شڵێت، “ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک راوێژکاری ئیدارەی نوێ قسەمانکردووە، کە کاریگەری و پێگەیان دەبێت لە ئیدارەی داهاتوو، ئەوەی هەستمانکرد هەموویان زۆر پشتگیری گەلی کورد دەکەن، دڵنیایی ئەوەیان پێداین، کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان و لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و رەنگە ئەو هاوکاریانەیان زیاتریش ببێت”.

راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌باره‌ی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ دژی داعش و بووجه‌ی عێراق ده‌ڵێت، “ئێمە پێشتریش خۆ پێشمەرگە شەڕی کردووە نەک لەبەر ئەوەی کە یارمەتیان دراوە یان لە بەغدا بودجەیان پێدراوە، ئێوە خۆتان ئاگادارن لە ساڵی 2014وە بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڕاوە، پێشمەرگە شەڕی کردووە بۆ ئەو بیروباوەڕانەی هەیەتی و بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئێمە پارێزگاری لە خۆمان و لەو مەبادئانە دەکەین کە میللەتی کورد هەیەتی، ئێمە پارێزگاری لە وڵاتی خۆمان دەکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئەگەر ئەوان بیانەوێت بەردەوام بن لەسەر ئەوەی رۆڵی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە نادیدە بگرن، ئێمەش بە دڵنیاییەوە هەڵوێستمان دەبێت، هەر بۆ ئەوەشە دەمانەوێت ئاییندەیەکی رووناکترمان هەبێت لەو پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی بەغدا، ئینجا ئەمە لەسەر پەرلەمانتاران و لەسەر حکومەتی بەغدا دبێت چۆن دەیانەوێت سەیری ئاییندەی هەرێمی کوردستان بکەن لەگەڵ خۆیان، تاوەکو بێنە پێشەوە ئێمەش ئامادەین لەگەڵیان بچینە پێشەوە هاوکارییەکی زیاتری یەکدی بکەین”.

مه‌سرور بارزانی له‌وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی داهاتووی تره‌مپه‌وه‌ ده‌ڵێت، “مەسرور بارزانی: من ناتوانم لەجیاتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و بەتایبەتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا قسە بکەم، کە ئەوان راوبۆچوونیان چۆن دەبێت ، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا ئێمە بیستوومانە پشتگیری لە مافی گەلی کورد دەکەن و بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی کوردستان. هیوادارین ئەو هاوکارییەی بەڵێنیان پێداوین زیاتر و بەردەوام بێت”.

Back to top button